رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ئایاری رابردووی بڵاوکردەوە و دەڵێت، داهاتی نەوتی مانگی رابردوو زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، 26-06-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاماری کۆتایی بڕ و داهاتی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردووی رایگەیاند، بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق (سۆمۆ)، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی ئایاری رابردوودا گەیشتووەتە 102 ملیۆن و 463 هەزار و 387 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتووەتە حەوت ملیار و 324 ملیۆن دۆلار.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 102 ملیۆن و 206 هەزار و 413 بەرمیل، هەروەها 256 هەزار و 974 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن کراوە، هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش لە رێگەی 39 کۆمپانیای جیهانییەوەبە (71,485) دۆلار فرۆشراوە.
داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق لە مانگی نیساندا حەوت ملیار و 699 ملیۆن و 272 هەزار دینار بوو، کە 98 ملیۆن و 634 هەزار و 947 بەرمیلی هەناردەکرد، بەڵام بەرمیلێک نەوتی بە 78.058 دۆلار فرۆشتووە.



