رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە، ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە یەک ملیۆن دینار.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە ملیۆنێک دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ؛ هەروەها عەیاری 22 بە ملیۆنێک و 47 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 857 هەزار دینار و عەیار 14 بە 666 هەزار دینارە، عەیاری 12 بە 572 هەزار دینارە و عەیار 9 مسقاڵێکی بە 429 هەزار دینارە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ نرخەکە لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە زیاتر لە سێ مانگی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار، هەروەها سەرنجەکان چوونەتە سەر داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا و ئەو گوتارەی کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە پێشکێش بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ بە رێژەی 0.6% بەرز بووەوە و ئۆنسەیەک گەیشتە 4654 دۆلار.



