رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار لە 155 هەزار دینار نزیک دەبێتەوە. هاوکات لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 100 دۆلار بەرامبەر 20 ملیۆن و 250 هەزار تمەنە.
بەهای ئەمڕۆی تمەن لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نزمترین ژمارەی پێوانەیی دراوی ئێرانە کە تۆمار کرابێ؛ ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ بۆ 100 دۆلار، 800 هەزار تمەن زیادیکردووە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 100 دۆلار بە نەختی بە 19 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە".
بڕیاری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، نرخی تمەنی زیاتر دابەزاندووە. رەوەز میرزا گوتی: "بازاڕی حەواڵە لە هەرێمی کوردستان دوای کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەکرێتەوە، تمەن لەم ئاستە بەردەوام بێ، بە حەواڵە 100 دۆلار لێرەش دەگاتە 20 ملیۆن تمەن".
بەهای دینار دابەزی
دوێنێ 100 دۆلار بە 153 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام بەهۆی دەنگۆی لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراق، خواست لەسەر دۆلار زیادی کردووە و بەهای دینار دابەزیوە.
ئەمڕۆ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر 100 دۆلار بە 154 هەزار و 700 دینار دەفرۆشرێ. هەروەها لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 154 هەزار و 750 دینارە.



