رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەستپێکردنی هێرشێکی ئابووریی بێپێشینەی بۆ سەر هەموو پەیوەندییە داراییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا راگەیاند. بێسێنت رایگەیاند، ئامانجی واشنتن بڕینی هەموو ئەو شادەمارە ئابوورییانەیە کە تاران و سوپای پاسداران دەپارێزن، تاوەکو ئەو کاتەی ئێران بە تەواوی لە جیهان دادەبڕێت.
رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، لەمڕۆوە وەزارەتەکەی و ئاژانسەکانی دیکەی ئەمریکا "پەتەکە لە ملی رژێمی ئێران تووندتر دەکەن"؛ گوتیشی: "ئێمە پەیڕەوی لە ستراتیژیی سفر دزەکردن دەکەین؛ کەمترین دەرفەتێکی هەناسەدان بۆ رژێمەکە نامێنێتەوە تاوەکو تواناکانی خۆی بۆ تیرۆر دژی ئەمریکا و جیهان بنیات بنێتەوە."
بە گوتەی بێسێنت، ئەمە هەڵمەتێکی بەردەوامە بۆ لەناوبردنی هەموو دوا بژاردەکانی بەردەم تاران.
کۆتاییهێنان بە ناوچە خۆڵەمێشییەکان و ئاگادارکردنەوەی هاوکارانی تاران
بێسێنت هەڕەشەیەکی تووندی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد کە هێشتا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و گوتی: "چیدی قبووڵکراو نییە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکانی ئەم ململانێیەدا کار بکرێت. وڵاتان ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن کە چاویان نایبینێت کاتێک ئاسانکاری بۆ کڕین و گواستنەوەی نەوتی ئێران و گواستنەوەی پارەکانیان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەکەن."
بێسێنت ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستی کردووە بە "پەیوەندی تەلەفۆنی بە سەرکردەکانی جیهانەوە تاوەکو داوایان لێبکات دەستبەجێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی ئێران رابگرن".
ناوە ناوە بەرپرسانی ئەمریکا، هەر یەک لە چین، رووسیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بە هەوڵدان بۆ هاوکاریکردنی ئێران و دەرچوون لەژێر گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار دەکەن. بەرپرسانی ئەو وڵاتانە رەتیاننەکردووەتەوە کە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ تاران، بەڵام پێناچێت چیدی کۆشکی سپی تەنیا بە سزادانی تاران بوەستێت.
پێنج شادەمارە ستراتیژییەکە دەکرێنە ئامانج
لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمڕۆدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج سێکتەری یەکجار گرنگی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە تاران لە وڵاتانی دیکەدا سوودیان لێ دەبینێت، ئەوانیش: سەرمایە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
بێسێنت هۆشداری دا کە هەر کەسێک "گەوجانە بەردەوام بێت لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئەم رژێمە، رووبەڕووی سزای ناڕاستەوخۆ دەبێتەوە و خێرایی راونانیان لەلایەن ئەمریکاوە زیاتر دەبێت".
بەپێی ئامارێک بۆ سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران، نزیکەی 3 هەزار و 743 تۆمار هەن، کە نزیکەی 2 هەزار و 45 کەسایەتی، هەزار و 318 دامەزراوە، لەگەڵ چەندین کەشتی و قەوارەی دیکە لەخۆدەگرن. داتاکانی (OpenSanctions) بۆ سزاکانی سەر ئێران بە گشتی، دەریدەخەن کە زیاتر لە هەزار کۆمپانیا، سەتان کەسایەتی و سەتان کەشتی لە لیستی سزاکاندان.
تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، وەک بەشێک لە هەڵمەتی گوشارەکان، زیاتر لە 875 کەس، کەشتی و فڕۆکەی سزادا. لە ساڵی 2026ـیشدا، خولی دیکەی سزاکان بەردەوام بوون کە تێیدا تۆڕەکانی بانکی سێبەر، بازرگانانی نەوت، ئەو بەرپرسانەی لە "سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان" تێوەگلاون و ئەوەی پێیدەگوترێت "کەشتیگەلی سێبەر"، کرانە ئامانج.
لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەشدا، لە یەک کاتدا دەیان کۆمپانیا، کەسایەتی و نەوتهەڵگر کراونەتە ئامانج. بۆ نموونە لە پاکێجێکی مانگی ئایاری 2026ـدا، زیاتر لە 50 کۆمپانیا، کەسایەتی و کەشتی کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو و گواستنەوەی نەوتیان دەکرد، سزادران.
دەرکردن لە سیستەمی دۆلار و داخستنی لقەکانی بانک
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "کاتژمێرەکە دەستی بە لێدان کردووە و دەبێت هەموو لقەکانی بانکی میللی" دابخرێن؛ ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر وڵاتیک یان ناوچەیەک ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارە بۆ بەرژەوەندیی ئێران بکات، بە تەواوی لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.
لە کاتی گوتەکانیدا وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی سزای بەسەر 60 دامەزراوە، کەشتی و کەسایەتیدا سەپاند کە هاوکاری ئێرانیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و مووشەکی.
پەیامێک بۆ سەربازانی ئێران: "رژێم بەرەو وێرانیتان دەبات"
بێسێنت لە بەشێکی گوتەکانیدا رووی دەمی کردە سەربازەکانی ئێران و داوای لێکردن بپرسن ئایا فەرماندەکانیان وڵاتەکەیان بەرەو سەرکەوتن دەبەن یان بەرەو وێرانی؟ گوتیشی: "دیواری بەرلین کاتێک رووخا کە سەربازە ئاساییەکان بڕیاریان دا تەقە لە گەلەکەی خۆیان نەکەن."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێران 47 ساڵە لەگەڵ ئەمریکا و دراوسێکانی لە جەنگدایە و زیاتر لە هەر رژێمێکی دیکەی تیرۆریستی خەڵکی مەدەنی و سەربازی کوشتووە".
بژارەی کۆتایی: دابڕانی تەواوەتی یان گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تەنیا دوو رێگەی بۆ بەرپرسانی ئێران هێشتەوە؛ یان دابڕانی تەواوەتیی جیهانی و ئابوورییەکی پەککەوتوو، یان گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی و قبووڵکردنی مەرجەکان بۆ گەڕانەوە ناو ئابووریی جیهانی. راشیگەیاند، ئەم کەمپەینە تاوەکو "رووخانی رژێم یان گۆڕینی رەفتارەکانی، رۆژ لە دوای رۆژ تووندتر دەبێت".
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەریان و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. هەرچەندە مانگی حوزەیران ئاگربەستیکی 60 رۆژی کرا، بەڵام هەردوولا بەهۆی دەستبەردارنەبوونیان لە مەرجەکانیان نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ ئاگربەستێکی تەواوەتی.


