رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوودانی دڵنیایی داوە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو تەواوبوونی پڕۆسەی بەبانکیکردن بەردەوام دەبێت. گوتیشی، "چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرێت."
یەکشەممە 24-03-2024 فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر پرسی مووچە و چارەسەرکردنی پڕۆسەی هەژماری بانکیی مووچەخۆران، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنەکە لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری داد، وەزیری ژینگە و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان بەڕێوەچوو، تێیدا کۆمەڵێک پرسی گرنگ خرانەڕوو."
وەکو کاروان یاروەیس گوتی، "داوامان لە بەڕێز سوودانی کرد پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچە و تەواوکردنی ئەو رێکارانەی دادگەی فیدراڵی دیاریکردوون بۆ دابەشکردنی مووچە و کردنەوەی هەژماری بانکی."
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سوودانی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و دووپاتی کردووەتەوە، ئەوان بەپێی یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەردوو وەزارەتەکانی دارایی، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە چڕکردووەتەوە.
بە پاساوی ئەوەی کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردووە، تاوەکو ئێستا بەشێکی مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە نەنێردراوە و وەزارەتی داراییش بڕە مووچەی گەیشتووی دابەشنەکردووە.
کاروان یاروەیس لە زاری سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ئاماژەی بەوە دا، "کێشەی لیستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان چارەسەر کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ مووچەکەیان پێویستە، رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
بە گوتەی کاروان یاروەیس، هەردوو وەزارەتەکانی دارایی لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بە چی میکانیزمێک مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بدرێت، گوتیشی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی راسپاردووە کێشەکە چارەسەر بکرێت، بۆیە رەزامەندی دراوە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیش رەوانە بکرێت."
وەک کاروان یاروەیس گوتی، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت و هەرێمی کوردستانیش دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات.
بەبانکیکردنی مووچە
پێشتر، بڕیاربوو عێراق مانگانە 618 ملیار دینار پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دواتر کە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەرچوو و جەخت لە بەبانکیکردنی مووچە و ناردنی راستەوخۆی لە بەغداوە کرایەوە، دووبارە کێشە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستبوو.
وەک کاروان یاروەیس ئاماژەی بۆ کرد، لەسەر کۆمەڵێک رێکار بۆ کردنەوەی هەژماری بانکیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان قسەکراوە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا گرفتەکە چارەسەر دەکرێت.
کاروان یاروەیس لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی ئادار گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دا، تاوەکو پڕۆسەی 'بەبانکیکردن' تەواو دەبێت، مووچەی مانگەکانی دیکەش دەنێردرێت."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بۆ پڕۆسەی بەبانکیکردن و کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران کە پرسی جێی ناکۆکی دوو حکومەتە، "هەر دوو وەزارەتی دارایی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق لە گفتوگۆدان و ئێستا رێککەوتن لەسەر رێکارێک هەیە کە دەبێتە بنەمای چارەسەرکردنی گرفتی پڕۆسەی بەبانکیکردن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە 250 هەزار فەرمانبەری بە پرۆژەی هەژماری من بەستووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمی بانکییەوە مووچەکانیان دابەشبکات و 142 هەزار کەسیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان مامەڵە بەو پرۆژەوە ناکەن و دەبێت لە رێگەی ئەو بانکانەوە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتەوە دانیان پێدانراوە.
کاروان یاروەیس ئەوەشی خستەڕوو، رێکارێکی مامناوەند بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کردنەوەی هەژماری بانکی هەڵبژێردراوە، "واتا نە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان زۆر جەختی لەسەر دەکردەوە و نە ئەوەش دەبێت کە وەزارەتی دارایی عێراق خستوویەتەڕوو، پێموایە هەردوو وەزارەت لەسەری رەزامەندن."
ئەو پەرلەمانتارە لە زاری سوودانییەوە گوتیشی، یەکێک لە هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی پرسی بەبانکیکردن ئەوەیە کە سوود لەو بانکە تایبەتانە وەربگیرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی و وەزارەتی دارایی عێراقەوە مامەڵەی فەرمییان لەگەڵدا دەکرێت و گرێبەستیان هەیە.
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "سوودانی لە کۆبوونەوەکە باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە 12.67٪ـی بودجەی گشتییان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بۆیە بە یەک چاو سەیری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن و بە ئەرکی حکومەتی فیدراڵی دەزانن کە مووچە بۆ سەرجەم مووچەخۆران دابین بکرێت."
کاروان یاروەیس باسی لەوەش کرد، لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، رێککەوتنی کاتی کراوە، بۆ ئەوەی مووچەی پێ بنێردرێت و گوتیشی، "وردبینیی تەواوی بۆ کراوە و تاوەکو پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی تەواو دەبێت، لەسەر ئەم رێککەوتنە بەردەوام دەبن."
دوایین جار بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری مووچەخۆرانی نارد، کۆی ئەو پارەیەی کە تائێستا نێردراوە 600 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کورتهێنانی هەیە و بە گەیشتنی پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەتوانن دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
بەشێک لە کۆبوونەوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کاروان یاروەیس دەڵێت، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، سوودانیش رایگەیاندووە، ئەوان لە حکومەتی فیدراڵی، کۆمەڵێک ئەرکیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆیە کە جێبەجێیان کردوون، لەوانەش هاوکاریکردن و دابینکردنی پارە بۆ کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.
دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە 21ـی شوبات لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرچوو و 11 کورسیی پێکهاتەکانی لە پەرلەمان لادا و هەڵبژاردن بە چواربازنەیی کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە 18-03-2024 رایگەیاند، "بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت."
کاروان یاروەیس لەوبارەوە ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ پارتی لە گفتوگۆدان و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەم بابەتە بە گفتوگۆی سیاسی چارەسەر دەکرێت.
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى ئەم ساڵ بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
پرسی کەرکووک
وەک کاروان یاروەیس دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی باس لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکیش کراوە و "جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دەبێ هەموو رێکارە دەستوورییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکووک تەواو بکرێن و کۆتایی بەو دۆخە سەپێنراوە بهێنرێت کە چەند ساڵێکە بەردەوامە."
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک لە 18-12-2023 بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان، تاوەکو ئێستا لە کەرکووک پارێزگار دیاری نەکراوە، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە، لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەردەوام دەبن و گوتیشی، "لە داهاتوویەکی نزیکدا، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دووبارە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆدەبنەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاندووە، لە کەرکووک لەگەڵ زۆرینە و کەمینە نین، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کە سەرجەم پێکهاتەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی بەشدار بن.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵێک پێشنیاز هەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی کەرکوک، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کامە لە پێشنیازەکان یەکلانەکراونەتەوە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 16 کورسییە، دەنگدان بۆ پۆستى پارێزگار پێویستى بە نۆ کورسییە، کە هیچ کام لە سێ پێکهاتەی کورد، حەرەب و تورکمان بە جیا ئەو ژمارە کورسیەیان نییە.
وەکو لایەنە کوردستانییەکان، یەکێتی کە لایەنی براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە لە کەرکووک و پێنج کورسی بەدەستهێناوە، داوای پۆستی پارێزگار دەکات، پارتیش کە دوو کورسیی بەدەستهێناوە دەڵیت، با پارێزگار کەسێکی بێلایەن بێت و تاوەکو ئێستا لەسەر ئەم بابەتە رێکنەکەوتوون.
هەرچی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیشە، بە شەش کورسی و دوو کورسییەوە داوای پۆستەکە دەکەن.



