رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر شەڕەکەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران زیاتر دەکات، بەو ئامانجەی سەرکردەکانی ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات.
ئەم هەڵمەتەی ترەمپ تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانرێت ئێران تا چەند دەتوانێت بەرگەی ئازارە ئابوورییەکان بگرێت بەر لەوەی سەرکردەکانی خۆیان بەدەستەوە بدەن. ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئابووریی ئێران "بەتەواوی دادەڕمێت!!!" و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە "گەورەترین هێرشی دارایی مێژوو" دژی ئێران دەستپێدەکات.
لە کاتێکدا پێشتر ئێران داهاتێکی زۆری لە فرۆشتنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەستدەکەوت، بەڵام گەمارۆکەی ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە ئەو سەرچاوەیەی ئیفلیج کردووە. ئێستا ئێران تەنیا پشت بە باجی نێوخۆیی، هەناردەی نانەوتی و ئەو داهاتە نەوتییەی پێش شەڕەکە کۆی کردبووەوە دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی شەڕ.
سەرەڕای ئەوەی هێشتا نیشانەی خۆبەدەستەوەدان دیار نییە، بەڵام هەندێک بەرپرسی ئێرانی دەڵێن، باشترە شەڕەکە کۆتایی پێبهێنن لەبری ئەوەی بۆ چەندین مانگ و ساڵی دیکە بەرگەی ئەم قەیرانە ئابوورییە بگرن.
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا لە زاری شارەزایانەوە دەنووسێت: لە چەند مانگی داهاتوودا رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی زۆر سەخت دەبێتەوە کە زیان بە توانای شەڕکردنی دەگەیەنێت و هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی نێوخۆیی.
راپۆرتەکە پێنج هۆکار دەخاتە روو کە گوایە نیشانی دەدەن هەنگاوەکانی ترەمپ "ئابووریی ئێرانیان خنکاندووە":
1 - دراوی ئێران دادەڕمێت
رۆژی دووشەممە، بەهای ریاڵی ئێرانی گەیشتە نزمترین ئاست و هەر دۆلارێک بە 2.02 ملیۆن ریاڵ مامەڵەی پێوەکرا. پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، بەهای دۆلارێک 1.65 ملیۆن ریاڵ بوو. ئەمەش واتە ئێستا ئێرانییەکان دەبێت 22٪ ریاڵی زیاتر بدەن بۆ کڕینی یەک دۆلار.
2- هەڵئاوسان مووچەی خەڵک قوتدەدات
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) پێشبینی دەکات، ئەمساڵ هەڵئاوسان لە ئێران بگاتە 68.9٪، کە بەرزترین رێژەیە لەوەتەی ساڵی 1979ـەوە. ناوەندی ئاماری ئێرانیش رایگەیاندووە کە لە مانگی تەممووزدا نرخی کاڵاکان 87.9٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، تەنیا نرخی خۆراک و خواردنەوەکان زیاتر لە 128٪ گران بوون.
3- ئێرانییەکان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بوونەتەوە
دابەزینی بەهای ریاڵ و گرانیی بازاڕ، کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی بۆ ئێرانییەکان قورس کردووە. ئەحمەد کەریمی، شۆفێرێکی تەکسی دەڵێت: "ئێمە وازمان لە کڕینی میوە و پڕۆتین هێناوە، وازمان لە پشوو هێناوە، تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا کار دەکەین." خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام گلەیی و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
4- هەناردەی نەوت بەتەواوی داڕماوە
هۆکاری سەرەکیی قەیرانە ئابوورییەکەی ئێران، وەستانی هەناردەی نەوتە بەهۆی گەمارۆکەی ئەمریکاوە. عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە مانگی ئابدا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کردەیی چیتر نەوت هەناردە ناکات. پێشتریش ئەکسیۆس بڵاویکردبووەوە کە گەمارۆکە لانیکەم 4.8 ملیار دۆلار زیانی بە ئێران گەیاندووە و یەدەگی نەوتەکەشی زۆر دابەزیوە.
5- هەلی کار لەدەستدەچێت و مەترسیی داتەپینی ئابووری هەیە
پێش شەڕەکە، پێشبینی دەکرا ئابووریی ئێران لە ساڵی 2026ـدا بە رێژەی 1.1٪ گەشە بکات. بەڵام ئێستا سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات کە ئابووریی ئێران ئەمساڵ بە رێژەی 5.4٪ بچووک ببێتەوە. ئەم داکشانە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، لەدەستدانی هەلی کار و کەمبوونەوەی چالاکییە بازرگانییەکان.



