وەزیری دارایی عێراق بۆ رووداو: بەغدا و هەولێر لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 رێککەوتن

19-12-2020
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن بەغدا هەولێر شاندی هەرێمی کوردستان بودجەی 2021
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ کۆمەڵێک میدیاکاری عێراق کۆبووەوە، کە لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداو هەیە و لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رێککەوتوون.
 
محەممەد شێخ فاتیح، رۆژنامەڤانی ئابووریی رووداو کە وەک میدیاکارێک لە هەرێمی کوردستان لەنێو کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 پرسیاری لە وەزیری دارایی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، "کە ئەوان سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021  لەگەڵ کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن و داواکارییەکانی کوردیان خستووەتە نێو پرۆژەیاساکە و پرۆژەکەش رەوانەی پەرلەمان کراوە. ئێستا تەنیا لەسەر ئەوە ماوە کە پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاساکە پەسەند بکات." 
 
وەزیری دارایی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتویەتی، کە دواتر وەزارەتی دارایی راگەیێندراوێک تایبەت بە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بڵاودەکاتەوە، بەشێوەیەک یەک دۆلاری ئەمریکی دەبێتە 1450 دیناری عێراقی، بانکی ناوەندیش بڕێکی دیکەشی دەخاتەسەر و بەپێی نرخە نوێکە دۆلار دەفرۆشێ، بۆیە رەنگە هەر دۆلارێک بە 1490 دینار بفرۆشێ.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە کە "لە بودجەی 2021 دا دامەزراندن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت رادەگرین، هاوکات رەنگە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 هەفتەی داهاتوو بگاتە پەرلەمان، ئەو بودجە سەرەتای چاکسازییە، لە ئایندەشدا هەنگاوی دیکە دەنێین بۆ جێبەجێکردنی پەڕەی سپی تایبەت بە چاکسازی".
 
ئەمڕۆ شەممە 19-12-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆبووەوە و پەسەندکردن و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان دواخرا بۆ سبەی یەکشەممە
 
بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، دەبێت حکومەت پێش رۆژی 15ی مانگی 10ی هەموو ساڵێک پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، ئێستا زیاتر لە دوو مانگ لە وادەی خۆی دواکەوتووە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 نرخی بەرمیلێک نەوت بە 42 دۆلار خەمڵێنراوە و رۆژانە 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
 
 
داهاتەکان و خەرجییەکان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021:
 
کۆی گشتیی داهات: 91.790.155.429 دینار 
داهاتی نەوتی: 73.010.925.000 دینار 
داهاتی نانەوتی: 18.779.230.429 دینار 
کۆی گشتیی خەرجی: 150.050.918.543 دینار 
 
خەرجی بەکاربردن: (بەکاربردن، بەرنامەی تایبەت و قەرزەکان)  122.675.870.694 دینار
 
کۆی گشتیی خەرجییەکانی سەرمایە: (ئەو سەرمایەی هەیە، لەگەڵ وەبەرهێنانی نێوخۆیی و وەبەرهێنانی قەرزەکان   27.375.047.849 سەرمایە
 
کۆی گشتیی کورتهێنان:  58.260.763.144
 
وەزارەتی دارایی لەبارەی دزەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 ی عێراق رایگەیاندووە: "کارێکی نابەرپرسیارانەیە و وادەکات وەزارەتەکان نەتوانن بێلایەنانە بۆچوونی خۆیان لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا لەبارەی هەموارکردنەوەی بخەنەڕوو".
 
بەپێی ماددەی یازدە، خاڵی یەکەم لە رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 عێراق، هاتووە "شایستەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەکلایی دەکرێنەوە".
 
لە ساڵی 2004 تاوەکو 2019 کۆی گشتیی شایستەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق 158 تریلۆن و 850 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا بەغدا 96 تریلۆن و 665 ملیار و 426 ملیۆن دیناری خەرجکردووە، واتە کۆی بڕی پارەی خەرجنەکراو لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان 62 تریلۆن و 194 ملیار و 574 ملیۆن دینارە.
 
بەپێی بڕگەی سێیەم، خاڵی ئەلف لە رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق، لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی قەرز و پابەندبوونە داراییە کەڵەکەبووەکانی لایەتی بەهۆی کورتهێنانەوە لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشکێشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات".
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتیی پابەندە داراییەکان و قەرزەکانی بریتییە لە 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە