رووداو دیجیتاڵ
هەر دۆلارێک بە 41 لیرە و هەر یۆرۆیەک بە 45 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەگوێرەی نرخی بۆرسەکانی دراو لە کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 لیرەی تورکی بە شێوەیەکی خێرا و چاوەڕوان نەکراو بەهای لەدەستداوە.
نرخی دۆلارێک بۆ 41 لیرە بەرزبووەوە؛ لە کاتێکدا دوێنێ سێشەممە بەهای دۆلارێک 36 لیرە بوو.
هەروەها نرخی یەک یۆرۆ گەیشتووەتە 45 لیرە، لە کاتێکدا دوێنێ یەک یۆرۆ 40 لیرە بوو.
هاوکات بۆرسەی ئیستەنبووڵیش 6.7% دابەزی و زیاتر لە 700 خاڵی لەدەستدا.
میدیای ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا ئەم دابەزینی بەهای لیرەیە بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵەوە گرێ دەدات.
ئیمامئۆغڵو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا. هاوکات بڕیاری دەستگیرکردن بۆ نزیکەی 100 کەسی دیکە دەرچووە و ئۆپەراسیۆنەکانی درێژەیان هەیە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، دەسەڵات دەیەوێت بەم جۆرە رێگری لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بکات. تاوەکو نەتوانێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێر بکات.
میدیای دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە، بریاری دەستگیرکردن و لێپێچینەوە بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 99 کەسی دیکە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی ماڵی گشتی بۆ خۆدەوڵەمەندکردن دەرچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ