رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، دەستی کردووەتەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە زاخۆ، بەڵام ئامارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا دابەزینێکی زۆر و پێوانەیی نیشان دەدەن، ئەوەش بەهۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ لە کێلگەکانیاندا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای دەستپێکردنەوەی کارە مەیدانییەکان لە 9ی نیسانی 2026 و دەستکردن بە لێدانی هەشت بیری نەوت، کێڵگەی تاوکێ لە 28ی حوزەیران و کێڵگەی پێشابوور لە 11ی تەممووزدا کارکردن تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە.
دابەزینێکی گەورە لە ئامارەکاندا
سەرباری دەستپێکردنەوەی کارەکان، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای بەرهەمی نەوتی کۆمپانیاکە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا تەنیا 273 بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، ئەمەش بە رێژەی 99.9% دابەزیوە لەکاتێکدا لە وەرزی یەکەمی 2026 دا رۆژانە 39,600 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا. ئەم بڕە زۆر کەمترە لە بەرهەمی چارەگی دووەمی ساڵی 2025 کە رۆژانە 56,070 بەرمیل بووە.
هەروەها قەبارەی فرۆشی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە چارەگی دووەمدا گەیشتووەتە سفر. لەکاتێکدا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 14,753 بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، هەر هەوڵێک بۆ زیادکردنی خێرای بەرهەمهێنان لە ئایندەدا، بەستراوەتەوە بە سێ مەرجی سەرەکی، ئەوانیش سەلامەتی و توانای تەکنیکی ژێرخانی کێڵگەکان کە بۆ ماوەیەکی درێژ پەککەوتبوون، پاراستنی باری ئەمنی ناوچەکە و رێکخستنی کاروباری لۆجستی بۆ هەناردەکردن.


