رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بەهۆی بەهێزبوونی بەهای دۆلار و چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران بۆ بڕیاری نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکی.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 4,044 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بە رێژەی 1% بەرزبووەوە. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووی ئەمریکا بۆ مانگی ئاب، بە رێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە 4,045 دۆلار.
بەهۆی ئەوەی بەهای دۆلار لە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردوودا جێگیر بووە، کڕینی زێڕ بۆ ئەو کەسانەی بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن گرانتر بووە. ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ لە نێوان 3,950 بۆ 4,200 دۆلاردا یاری دەکات و بازاڕ چاوەڕێی ئاماژەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندی ئەمریکا کۆتایی بە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی بهێنێت. بەپێی پێنوێنی "CME FedWatch"، ئەگەرەکان بەم شێوەیەن، 62%ی شارەزایان پێشبینی دەکەن رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بمێنێتەوە، لە بەرامبەردا 38% پێشبینی دەکەن رێژەی سوود لانیکەم 25 خاڵ بەرز بکرێتەوە، کە ئەمەش بەراورد بە هەفتەی رابردوو (16%) زیادی کردووە. هەروەها بازاڕەکان بە رێژەی 81% پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە داوای لە بانکی ناوەندی کرد رێژەی سوود کەم بکاتەوە و گوتی: "دەبێت ئەمریکا نزمترین رێژەی سوودی لە جیهاندا هەبێت."
سەبارەت بە دۆخی سیاسی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن "گوتوبێژی باشی" لەگەڵ ئێران هەیە و هەلی رێککەوتن بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان لە ئارادایە، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن، هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە. تاران بە خێرایی پشووی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکای تاقی کردەوە؛ بە جۆرێک هەر رۆژی دووشەممە، وڵاتانی سعودیە، ئوردن و عێراق راپۆرتیان لەبارەی هێرشی درۆنی بڵاوکردەوە.
سپیڤاک دەشڵێت، ئەگەر بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەیدا ئاماژە بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە مانگی ئەیلوول نەکات، ئەوا پێشبینی دەکرێت نرخی زێڕ روو لە بەرزبوونەوە بکات و ئاستی 4,200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕێنێت.


