رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 1% دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی وەبەرهێنەران بە گەشبینییەوە دەڕواننە ئەگەری هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە هیوایەکی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی و ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستکردووە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 0.6% دابەزی و گەیشتە 87.82 دۆلار. هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.8% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 81.95 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە نزمترین ئاستی نرخەکانە کە لە ماوەی یەک هەفتەدا تۆمارکرابێت.
پەیامەکەی ترەمپ و کاریگەرییەکانی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، واشنتن گفتوگۆی باشی لەگەڵ تاران هەیە و دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئارادایە. بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستپێدەکەنەوە. لە بەرامبەردا ئێرانیش هەمان پەیامی سەبارەت بە وەڵامدانەوە و تۆڵەسەندنەوە بڵاوکردەوە.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لە یاداشتێکدا بۆ وەبەرهێنەران ئاماژەی بەوە کردووە: " ئێستا، دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، گوشارەکانی سەر نرخی نەوتی کەمکردووەتەوە و مەترسییەکانی پەیوەست بە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ژێرخانی سعودیەی رەواندووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە جێگیر نییە."
مەترسییەکانی سەر رێڕۆ ئاوییەکان
لەلایەکی دیکەوە، ئەفراح ئەلزەوبا، کاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن رایگەیاند، حوسییەکان هەوڵدەدەن هەمان ئەو کۆنترۆڵەی ئێران لە تەنگەی هورمز هەیەتی، ئەوان لە گەرووی بابولمەندەب پەیڕەوی بکەن.
ئێدوارد مێر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ( مارێکس) لەو بارەیەوە دەڵێت: "جێگەی گومانە کە ئایا حووسییەکان توانای سەربازیی ئەوەیان هەبێت گەمارۆیەکی گشتگیر بسەپێنن، بەتایبەت کە سعودییەکان بێوچان هێرشیان دەکەنە سەر. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەریای سوور و تەنگەی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە."
کەمبوونەوەی خواست و هەناردە
بە گوتەی مێر، هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە نرخەکان لەوەی ئێستا هەیە بەرزتر نین، بۆ کەمبوونەوەی خواست دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە کیشوەری ئاسیا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکى (بارکلیز)، هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کەمی کردووە. لە هەفتەی کۆتایی مانگی تەممووزدا، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەو تەنگەیە 2.9 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە هەفتەی پێشتردا 5.9 ملیۆن بەرمیل بووە.
لە لایەکی دیکەوە، پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆگاكانی نەوتی خاو و بەنزین لە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا کەمی کردووە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کە بازاڕ چاودێری دەکات.


