رووداو دیجیتاڵ
حکومەتى عێراق پڕۆژەیاساى نەوت و گازى ناردووە بۆ ئەنجوومەنى شورا بە مەبەستى پێداچوونەوە پێیدا. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانی عێراق، گۆڕانکارى لە رەشنووسەکانى پێشووترى یاساکەدا کراوە.
نەهرۆ رەواندزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رۆژی دووشەممە 17-07-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاساى نەوت و گازى ئاراستەى ئەنجوومەنى شوورا کردووە، ئەوەش بە مەبەستى پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا بەر لەوەى لەلایەن حکومەتەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان بە مەبەستى پەسندکردنى."
جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق گوتیشى، "دوای گەڕانەوەى پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنى شووراوە، لیژنەیەکى هاوبەشى وەزارەتى نەوتى عێراق و سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان کار لەسەر وردەکاریى مادەکانى دەکەن."
ئەنجوومەنى شووراى دەوڵەت سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و ئەنجوومەنێکى راوێژکاریى یاساییە بۆ سەرجەم دامودەزگاکانى دەوڵەت.
یەکەم کۆپیى رەشنووسى پڕۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە ساڵى 2007 لەلایەن حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە ئامادە کرا، کە لە 43 مادە پێکهاتبوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا؛ دواتر لە ساڵى 2011 پڕۆژەیاسایەکى دیکەی تایبەت بەو بوارە ئامادە کرا، کە لە 49 مادە پێکهاتبوو، بەبێ ئەوەى لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو رەشنووسى یاساى نەوت و گازەى عێراق کە لە ئەنجوومەنى شوورایە، هیچکام لەو دوو رەشنووسە نییە و گۆڕانکاریى زۆرى تێدا کراوە.
بەگوێرەى بڕگەى شەشەمى مادەى 13ى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، رادەستکردن و فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو یاسایە کارى پێدەکرێت تاوەکو ئەو کاتەى یاسای نەوت و گاز دەردەچێت کە سەرەکیترین بڕگەکانى ئەو مادەیەى بودجەکە ئەوەیە، هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتى فیدراڵى دەکات و لە بەرامبەردا شایستەی دارایی وەردەگرێت.




