رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە، نرخی زێڕ ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دانا و یەک ئۆنسەی بە 2411 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ، بەڵام کانزای زەرد توانیویەتی خۆی بە باشی رابگرێت و لە سەرووی 2400 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە بە ئاستێکی هەستیار بۆ نرخی زێڕ هەژمار دەکرێت.
بەپێی شرۆڤەکاران، هەرچەندە هێرشی سەر دۆناڵد ترەمپ دەیتوانی خواست بۆ کڕینی زێر بەرزبکاتەوە، بەڵام هەڵوێستی نەرمی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سیاسەتی نەختی بانکەکە و، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی، دواجار نرخی زێڕی بەرەو دابەزین هانداوە.
هارێش مێنغانی، شرۆڤەکاری سەر بە پلاتفۆرمی ئێف ئێکس ستریت لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بە ئەگەری زۆرەوە دابەزینی نرخی زێڕ سنووردار دەبێت و دوودڵییە سیاسییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رێگر دەبن لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە؛ ئەگەر نرخی زێڕ پارێزگاری لە ئاستی 2390 دۆلار بکات و لەو ئاستە زیاتر دانەبەزێت، ئەگەری گەڕانەوە و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستە بەرزەکانی لە ئارادایە.



