بانکی گۆڵدمان ساکس: گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تێکبچێت نرخی نەوت دووهێندە بەرزدەبێتەوە

15-01-2024
نیشانەکردن نرخی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهان هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئاڵۆزییەکای ئێستای دەریای سوور تەشەنەبکەن و گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تێکبچێت، ئەگەری هەیە نرخی نەوت دوو هێندە بەرزببێتەوە.
 
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا لەم هەفتەیە، ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-1-2024) نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 79 دۆلار و، 30 سەنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 25 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی گەیشتە نزیکەی 73 دۆلار.
 
نیگەرانی لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت، دوای هێرشی دووبارەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان لە رۆژی شەممە، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
 
هەفتەی رابردوو، ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی بە رێژەی 2٪ بەرزکردەوە.
 
رۆژی یەکشەممە حوسییەکان رایانگەیاند هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بە توندی وەڵام دەدەنەوە، هەمان رۆژ ئەمریکا رایگەیاند مووشەکێکی حوسییەکانی خستووەتە خوارەوە، کە بەمەبەستی لێدان لە کەشتییەکی ئەمریکییەوە هاوێژراوە.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس، یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی جیهانە و لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان و وەبەرهێنان دەڵێت، "لەبەرئەوەی هێشتا ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور نەبوونەتە هۆکاری پچڕانی گواستنەوەی نەوت، پێشبینی دەکەین مەترسییە جیۆسیاسییەکان کاریگەرییەکی مامناوەندییان لەسەر نرخی نەوت هەبێت."
 
بانکەکە دەڵێت، هەرچەندە ئەستەمە ئەمە رووبدات، بەڵام ئەگەر هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزەوە کێشەی بۆ دروستبێت، نرخی نەوت بە رێژەی 20٪ بەرزدەبێتەوە.
 
گۆڵدمان ساکس جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەگەر ئاڵۆزییەکان تەشەنەبکەن و گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تێکبچێت، ئەوا ئەگەری هەیە نرخی نەوت دوو هێندە بەرزبێتەوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە