رووداو - هەولێر
لەدوای ئاشکراکردنی ئامارەکانی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕە کانی جیهان بەڕێژەی 0.44% رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەشتە 50 دۆلار.
بپێی ئامارەکانی ئاژانسی وزەی ئەمریکا، لەماوەی هەفتەی رابردوودا ئەمریکا بە بڕی 5.2 ملیۆن بەرمیل کورتهێنانی لە نەوتی کۆگاکراودا هەبووە، ئەوەش پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی کرد، لەکاتێکدا گەشبینییەکی زۆر لە بازاڕدا بەدیدەکرێت سەبارەت بە درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکەی ئۆپێک بۆ شەش مانگی دیکە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 11-5-2017 یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە ئاستی 50.44 دۆلار مامەڵەی کرد. یەک بەرمیل خاوی تەکساسیش بەرێژەی 0.49% بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و گەیشتە 47.59 دۆلار.
سەڕەڕای ئەوەی نرخی نەوت هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە و چەند رۆژێکیشە لە ئاستەکانی نزیک لە 50 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام ئەو نرخە بەپێی قسەی بەرپرسانی سعودیە کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ئەو وڵاتە نییە.
محەممەد تەویجری، جێگری وەزیری ئابووری و پلاندانانی سعودیە ئاشکرایکرد، نرخی ئێستای نەوت سیناریۆیەکی باشە و جێی نیگەرانی نییە بۆ نرخەکان. گوتیشی "ئێستا سعودیە لە دۆخێکی باشدایە و پابەندە بە پلانی هاوسەنگکردنەوەی بودجە لە ساڵی 2020".
لەدوای پێنج مانگ نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوو بۆ خوار ئاستەکانی 50 دۆلار دابەزی، بەڵام لە دوایین مامەڵەکانی دوێنێ جارێکی دیکە بەهای ئەو کاڵا ستراتیژیە گەڕایەوە ئاستی سەروو 50 دۆلار بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ