رووداو دیجیتاڵ
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-7-2022 نرخی نەوت بە رێژەی 3٪ بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە نزیکەی 10٪ دابەزیبوو.
لەکاتی کردنەوەی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور سێ دۆلار و هەشت سەنت بەرزبووەوە و بە 105 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەرچەندە لە کاتەکانی دواتردا بۆ نزیکەی 104 دۆلار دابەزی. هاوکات نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس دوو دۆلار و 64 سەنت بەرزبووەوە و بە 102 دۆلار و 14 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساس رۆژی سێشەممە دابەزیبوو بۆ خوار 100 دۆلار کە ئەوەش کەمترین ئاستی بوو لەدوای مانگی نیسانی ئەمساڵ.
جۆن کیلدۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ بەهۆی خۆراستکردنەوە روویداوە." دەشڵێت، "ئەو بنەمایەی بووە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابوورییە کە هێشتا لە ئارادایە."
رۆژی سێشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 9.5٪ دابەزیبوو، ئەوەش بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا و جیهان.
نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 1763 دۆلار
بەهۆی نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا دووجار نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ ئاستەکانی 1700 دۆلار.
ئەگەری بەرزبوونەوەی سوودی بانکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 20 ساڵی رابردوودا و بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە رووبەڕووی دابەزینێکی گەورە بووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ بە رێژەیەکی کەم خۆی راستکردەوە و ئێستا هەر ئۆنسەیەکی بە 1768 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێنوێنی دۆلار کە بەهای دۆلار بەراورد بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت بە رێژەی 1.5٪ بەرزبووەتەوە بۆ 106.5٪ و ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە بەخێرایی نرخی زێڕ دابەزێت بۆ خوارەوەی ئاستی 1800 دۆلار.
دابەزینی نرخی زێڕ بۆ خوارەوەی 1800 دۆلار لە کاتێکدا روویداوە کە رۆژی هەینی رابردووش نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ ئاستی 1781 دۆلار.
ئاستی نرخی زێڕ ئێستا کەمترین ئاستە لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 350 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.02 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.19 GBP/USD
دۆلار - یەن 135.421 USD/JPY
دۆلار - لیرە 17.03 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 280 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 60.00 روبڵی رووسی




