رووداو – هەولێر
رۆژی 2/3/2017 هێزێكی یەكێتی، كە بە "هێزە رەشەكە" ناسراوە، دەستیان بەسەر كۆمپانیای نەوتی باكووردا گرت، بۆ ماوەیەكی كاتی هەناردەكردنی نەوتی ئەو كۆمپانیایەیان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا راگرت. بەپێی بەدواداچوونی (رووداو)، هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی كۆمپانیایەكە ئەوە نییە كە بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك باسیكردووە.
ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا، دوای چوونی هێزە رەشەکە بۆ نێو كۆمپانیای نەوتی باكوور، رایگەیاند "رێككەوتنێكمان هەیە لەگەڵ بەغدا و دەبێ جێبەجێ بكرێت"، هەروەها ناڕەزایی پیشاندا بەرامبەر هەناردەكردنی 40 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووك بۆ پاڵاوگەی كەڵەك، لە بەشە نەوتی حكومەتی عێراق لە كۆمپانیای نەوتی باكوور.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتی، کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند، ئامانج لەو کارەی مەڵبەندی کەرکووکی یەكێتی ئەوەیە كە ئەو نەوتەی بۆ پاڵاوگەی كەڵەك دەنێردرا، بووەستێندرێت و لەجیاتی ئەوە نەوتەكە بۆ پاڵاوگەی بازیان بنێردرێ.
بەپێی رێككەوتنی كۆمپانیای كارگرووپ و حكومەتی عێراق، پاڵاوگەی كەڵەك كە كۆمپانیای كار خاوەنیەتی، رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت لە كۆمپانیای نەوتی باكوور وەردەگرێ و بۆ حكومەتی عێراق دەیپاڵێوێ.
(رووداو) زانیویەتی گرێبەستی كارگرووپ و حكومەتی عێراق بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك نەوت 10 دۆلارە. بۆ پاڵاوتنی ئەو 40 هەزار بەرمیل نەوتە دەبێ حكومەتی عێراق رۆژانە 400 هەزار دۆلار بداتە كۆمپانیای كار. تێچووی پاڵاوتنی بەرمیلێك نەوت 6 دۆلارە و كۆمپانیای كار 4 دۆلار قازانجی پوختەی بۆ دەمێنێتەوە، كە رۆژانە دەكاتە 160 هەزار دۆلار و مانگانەش نزیكەی 5 ملیۆن دۆلار.
بەرپرسانی یەكێتی یەكێك لە سەرەكیترین ئامانجەکانیان رێگریكردنە لە پێدانی ئەو بڕە نەوتە بە پاڵاوگەی كەڵەك و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیە. ئاسۆ مامەند لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكیدا بە ئاشكرا رایگەیاند كە ئەوان دژی ناردنی نەوتی كەركووكن بۆ پاڵاوگەی كەڵەك.
ئەو كارەی یەكێتی بە ناردنی هێز بۆ سەر كۆمپانیای نەوتی باكوور دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە نامەیەکدا داوای لە حەیدەرعەبادی كردبوو گرێبەستەكەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك لەڕێگەی بۆڕیی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان هەڵبوەشێنێتەوە.
بەپێی رێككەوتنەكە ئەو نەوتەی لە كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردەدەكرێت، نیوەی حكومەتی عێراق دەیفرۆشێت و نیوەكەی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێت. رێككەوتنەش لە كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2016 لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق واژۆكراوە.
كۆمپانیای نەوتی باكوور رۆژانە نزیكەی 160 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، كە 20 هەزار بەرمیل بە تانكەر بۆ پاڵاوگەی دۆرە دەگوازرێتەوە، بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەی كارەبای قودس. هەروەها 30 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی نێوخۆی بەكاردێت.
ئەو 110 هەزار بەرمیل نەوتەی دەمێنێتەوە، هەناردە دەكرێت، كە نیوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیفرۆشێت و نیوەكەی دیكەش حكومەتی عێراق، بەڵام حكومەتی عێراق وەك پابەندبوون بە رێككەوتننامەكەی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، رۆژانە لەو بڕە نەوتە 40 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوگەی كەڵەك دەنێرێ بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ ئەو هێزە ئەمنییانەی ئێستا شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ دەكەن.
(رووداو) زانیویەتی کە مانگی رابردوو تەندەرێكی كۆندێنسێتی دانە گاز، بۆ كۆمپانیای ساوز كوردستان دەرچووبوو، بەڵام ئاشتی هەورامی تەندەرەكەی هەڵوەشاندووەتەوە. نەشیداوەتە كۆمپانیایەكی دیكە. ئەو تەندەرە بۆ ماوەی شەش مانگ بووە. پێش راگەیاندنی ئەو تەندەرە، پێشتر بۆ كۆمپانیایەكی دیاری نزیك لە یەكێتی دەرچووبوو.
سامان فایەق، خاوەنی كۆمپانیای ساوز كوردستان، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە تەندەری كۆندێنسێتی دانەگازمان بۆ دەرچوو، تەندەرەكەش خرابووەوە موزایەدەوە و ئەو پارەیەی ئێمەش بۆ ئەو تەندەرە تەرخانمانكردبوو، 110 ملیۆن دۆلار بوو. تەندەرەكەش بۆ ماوەی 6 مانگ بوو. بەپێی تەندەرەكە رۆژانە 1450 تۆن نەوتی سووكمان لە دانە گاز دەكڕی".
سامان فایەق نازانێت بۆچی تەندەرەكەیان لێ وەرگیراوەتەوە و گوتی "وەزیری سامانە سرووشتییەكان تەندەرەكەی نەدایە ئێمە، دوای ئێمەش نەیدایە هیچ كۆمپانیایەكی دیكە. بەڵكو بڕیاریدا ئەو نەوتە بكاتە نێو بۆڕی، بۆئەوەی كوالێتیی نەوتی كوردستانی پێ بەرزبكاتەوە". سەرچاوەکەی (رووداو) لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتی رەتیناکاتەوە یەکێک لە هۆکانی بردنی هێزە رەشەکە بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور پەیوەندیی بەو کەیسەشەوە هەبێت، بەڵام گوتی "بردنی هێزەکە، وەک کاک ئاسۆش رایگەیاند، بۆ ئەوە بوو پەیامێک بگەیەندرێت".


.webp&w=3840&q=75)
