وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی مانگی 12 لە وەزارەتەکان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارێز خالید
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە هەموو وەزارەتەکان دەکات تاوەکو پێنجی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12یان بۆ بنێرن تاوەکو زوو بینێرنە بەغدا بۆ ئەوەی کێشە بۆ مووچەی مانگی 12 دروست نەبێت.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 2.12.2024، دوو سەرچاوەی بەرپرس و ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداویان گوت، هەرچەندە زووتر لیستەکەیان پێبگات باشترە، چونکە لە دوای 20ی ئەم مانگە حیسابات دادەخرێت، ئەگەر زووتر نەنێردرێت، مووچەی مانگی 12 دەفەوتێت.
 
رووداو زانیویەتی، دوێنی شەو تاوەکو نزیک کاژێر 09:00، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی نێوخۆیی بووە بۆ دوو بابەت، یەکەمیان: چۆن کورتهێنانی مووچە پڕبکرێتەوە و دووەمیش گفتوگۆ کراوە لەسەر ئەوەی ئەو پارەیەی هاتووە وەریبگرن یان نا.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو 761 ملیار دینارەی دوێنی بەغدا ناردی، هێشتا نەکراوە بە کاش و لە بانکە، لەنێو بەرپرسانی وەزارەتی داراییش بۆچوونێک دروستبووە کە وەرینەگرن، چونکە ناتوانن بە داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە، چونکە داهاتی نێوخۆ مانگانە نزیکەی 180ملیار دینارە، بەڵام کورتهێنانی مووچە 240 ملیارە.
 
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو پارەیەی بۆمان هاتووە بە مەزاجی شەخسی نێردراوە و هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە ئێمە داوای گواستنەوەمان کردووە، داوامان کردووە نزیکەی سێ ترلیۆنمان بۆ بنێرن، بەڵام بە زارەکی گوتوویانە تاوەکو مانگی 12 هەر مانگەی 760 ملیار دەنێرین، ئەویش دڵنیانین بۆ مانگەکانی 11 و 12 بەردەوامدەبن یان نا."
 
وەزارەتی دارایی چاوەڕێیە لەم رۆژانەدا بەغدا پارەی دیکە بنێرێت تاوەکو بتوانین بە نیوەی داهاتی نێوخۆ کورتهێنانەکە پڕ بکەنەوە.
 
رووداو لە رێگەی چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە زانیویەتی، بەغدا کێشەی بۆ لیستی مووچەی مانگی 11ش دروستکردووە و گوتوویەتی "ناوی دووبارە هەیە". ناوە دووبارەکانیش بەم جۆرەن، بۆ نموونە: شەهیدێک چوار وارسی هەیە، چوار جار ناوی شەهیدەکە لە لیستی مووچە هاتووە. بەغدا دەڵێت: "ئەمە ناوی دووبارەیە."
 
لەسەر ئەو کێشەیە، دوێنێ لە وەزارەتی داراییەوە نووسراوێکی روونکردنەوە بۆ بەغدا نێردراوە و ئەو بابەتەیان روونکردووەتەوە، بەڵام هێشتا دیارنییە بەغدا بە روونکردنەوەکە رازی بووە یان نا.
 
دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمانی خەرجکردنی بڕی 761 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆران گەیشتە لقی بانکی ناوەندی لە هەولێر. 
 
ئەو پارەیە بەشی مووچەی یەک مانگی مووچەخۆران ناکات، کە ئەمڕۆ 47 رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 (ئەیلوول)ـیان تێدەپەڕێت.
 
ساڵانە لە 25ـی 12ـەوە وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی پارە رادەگرێت، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.  
 
بەپێی سەرچاوەیەکی رووداو، رۆژی سێشەممە (26-11-2024) لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی دارایی عێراق تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندیی نیشاندا بۆ ئەوەی بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12، بۆ هەر مانگێک 760 ملیار دینار خەرج بکات.
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە؛ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینارە، بەمەش کورتهێنان دروست دەبێت.
 
وەک سەرچاوەکەی رووداو باسی کردبوو، مەرجی ناردنی پارەکە ئەوەیە "هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ رادەست بکات." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە