حەوت کەس لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی یارمەتیدانی داعش دەستگیرکران

31-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن ئەڵمانیا داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، حەوت کەسیان بە تۆمەتی کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ رێکخراوی داعش لە سووریا دەستگیرکردووە، "ئەو کەسانە یارمەتی دارایی زیندانیانی داعشیان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوە". 
 
رۆژی چوارشەممە 31ـی ئایاری 2023، نووسینگەی داواکاری گشتی فیدراڵیی ئەڵمانیا ناسنامەی تۆمەتبارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، چوار لە دەستگیرکراوەکان بە رەچەڵەک ئەڵمانین، یەکێکیان بە رەچەڵەک مەغریبییە و هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانیایە، یەکێکی دیکەیان بە رەچەڵەک تورکیاییە و ئەوی دیکەشیان خەڵکی کۆسۆڤۆیە. 
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئەوەشی راگەیاند، تۆمەتبارەکان لەنێو ئەڵمانیا تۆڕێکیان دروستکردووە و لەڕێگەی تێلێگرامەوە داوای پارەیان لە خەڵک کردووە و پارەکەیان کۆکردووەتەوە. 
 
دوای کۆکردنەوەی پارەکە، بەگوتەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا، پارەکە دراوە بە ئەندامانی داعش لە سووریا. 
 
داواکاری گشتی ئەڵمانیا دەشڵێت، یارمەتییە داراییەکە بۆ پشتگیری ئەندامانی داعش لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەکارهێندراوە و، بەشێک لە زیندانیکراوانی کامپەکانیش بەو یارمەتییە داراییانە هەڵاتوون. 
 
ژمارەیەک کامپ و زیندان لە رۆژئاوای کوردستان هەن، کە ژن و منداڵ و چەکدارانی داعشیان تێدا کۆکراوەتەوە؛ کامپی هۆل سەرەکیترین کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە کە ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 50 هەزار کەس لەوێن. 
 
تۆمەتبارەکان بڕی 96 هەزار و 367 هەزار دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئەڵمانیا، لە هەڵمەتی دەستگیردنی تۆمەتبارەکاندا، هەزار ئەفسەری پۆلیس بەشدار بوون و زیاتر لە 90 شوێن لە ئەڵمانیا پشکندراون. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی F18ـی سەر بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا

ئەمریکا "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە

سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان "بە هەڵە" فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ئاسمانی دەریای سوور خستووەتەخوارەوە، لە ئەنجامدا کورسیی فڕۆکەوانەکانی فڕێدراونەتە دەرەوە و بە رزگاریان بووە.