رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "هەرگیز دیپلۆماسی بەلاوە گرنگ نییە" و داوا لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات، گوشار بخەنە سەر مۆسکۆ تاوەکو "توانای هەڵگیرساندنی جەنگی بشكێنن."
زیلینسکی باسی لەوە کرد، وێڕای ئەو پێشنیازەی کە ئەمریکا بۆ ئاشتی پێشكێشیکردووە، رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئۆکراینا چڕکردوونەتەوە.
زیلینسکی گوتی: "هەموو کەسێک بۆ سەرکەوتن پێویستی بە دیپلۆماسییە، تەنیا پووتین نەبێت. بۆیە دەبێت گوشاری لەسەر زیادبکرێت بۆ ئەوەی دیپلۆماسی سەربکەوێت و ژیانی خەڵک بپارێزرێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رەخنەی لە پووتین و زیلینسکی گرت و بێزاریی خۆی بەرامبەر بە چەقبەستنی هەوڵەکانی ئاشتی نیشاندا.
ترەمپ سەرەتا رەخنەی لە پوتین گرت لەسەر ئەوەی کە پێیوابووە زیلینسکی شیاوی دانوستاندن نییە. ترەمپ گوتی: "زۆر تووڕە و پەستم" لە پووتین.
بەڵام دواتر زمانێکی نەرمتری بەرامبەر پووتین بەکارهێنا و لە بری ئەوە، تووڕەیی لە بەرامبەر زیلینسکی دەربڕی و هۆشداری پێدا کە "ئۆکراینا کێشەی گەورەی دەبێت" ئەگەر خاوەخاو لە واژۆکردنی رێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئەمریکا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ