رووداو دیجیتاڵ فرێدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وەزیری نوێی گواستنەوەی دەستنیشانکرد، بەمەش کۆتایی بە گۆڕانکارییەکی ئاڵۆزی نێو کابینەکەی هێنا، کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی باڵای پارتەکەی لەسەر کەیسێکی منداڵبوون لەڕێگەی (دایکی بەکرێگیراو)ـەوە سەریهەڵدابوو. رۆژی دووشەممە 27-07-2026 مێرتس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کریستیان (CDU) رایگەیاند، شتێفن بیلگەر (47 ساڵ) رۆژی چوارشەممە بە فەرمی وەکو وەزیری نوێی گواستنەوە لە شوێنی پاتریك شنیادەر دەستبەکار دەبێت. پلانی مێرتس بۆ دوورخستنەوەی شنیادەر هەفتەی رابردوو دزەی کردبووە میدیاکان، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەسی دیاریکراوی پێشوو لە دوا خولەکدا پاشەکشەی کردبوو، هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی بڵاونەکرایەوە. دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێک لە پۆستەکەیدا هێڵدرایەوە، شنیادەر رۆژی یەکشەممە خۆی داوای کرد لە ئەرکەکەی ببەخشرێت. مێرتس لەبارەی شێوازی دوورخستنەوەی شنیادەر رایگەیاند، "داوای لێبوردن دەکەم بۆ ئەو دۆخەی دروستبوو" و دووپاتیکردەوە، هیچ کێشەیەکی کەسیی لەگەڵیدا نییە. شنیادەر لە رێگەی پۆستەکەیەوە بۆ چەندین مانگ رووبەڕووی رەخنەی تووند بووبووەوە بەهۆی خاویی لە چاککردنی ژێرخانی هێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا، سەرەڕای تەرخانکردنی سەدان ملیار یۆرۆ لەلایەن حکومەتەوە بۆ کەرتی بەرگری و ژێرخان. ئەم گۆڕانکارییانەی نێو کابینەکە هەفتەی رابردوو دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە یانس سپان، سەرۆکی فراکسیۆنی CDU لە پەرلەمان دەستی لەکارکێشایەوە، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو خۆی و هاوژینەکەی لە رێگەی دایکێکی بەکرێگیراوەوە لە ئەمریکا بوبوونە خاوەنی منداڵێک؛ لە کاتێکدا ئەو کارە لە ئەڵمانیا نایاساییە و پارتی دیموکراتی کریستیانیش بە تووندی دژیەتی. دایکی بەکرێگیراو (Surrogacy) پرۆسە و رێککەوتنێکی پزیشکی و یاساییە [لە هەندێک وڵات] کە تێیدا ژنێک قایل دەبێت بەوەی سکپڕ بێت و بۆ کەسێک یان خێزانێکی دیکە منداڵی ببێت. دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، ئەو خێزانەی داوایان کردووە دەبنە دایک و باوکی یاسایی منداڵەکە و ژنە سکپڕەکە هیچ مافێکی بەسەر منداڵەکەوە نامێنێت. ئەم پرۆسەیە زیاتر بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بەهۆی نەزۆکی، نەبوونی منداڵدان، یان کێشەی تەندروستییەوە ناتوانن خۆیان سکپڕ ببن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. شێوازی سکپڕبوونی ژنەکەش، لەڕێگەی منداڵی بلووری (IVF) یانیش پیتاندنی دەستکردەوە دەبێت (IUI). لە زنجیرە دەستکارییەکانی کابینەکەدا: تۆرستن فرای (سەرۆکی دیوانی راوێژکار) دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی CDU لە پەرلەمان لە شوێنی ینس سپان. نینا ڤارکن (وەزیری تەندروستی) دەبێتە سەرۆکی نوێی دیوانی راوێژکار. کارستن لینەمان (سکرتێری گشتیی CDU) دەبێتە وەزیری نوێی تەندروستی.
جیهان27-07-2026پووتین یاسایەک بۆ تووندکردنەوەی رێکاری مانەوەی کرێکارە بیانییەکان لە رووسیا واژۆ دەکات