رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەنەدا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27-07-2026 تەقە لە نزیک کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە شاری تۆرۆنتۆ کراوە، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە. ئەمە دووەمین رووداوی تەقەکردنە لە نزیک ئەو باڵەخانە دیپلۆماسییە لە ماوەی چوار مانگدا.
پۆلیسی تۆرۆنتۆ لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەفسەرەکانمان گوێیان لە دەنگی تەقە بووە لە ناوچەکەدا" و "بینراوە ئۆتۆمبێلێکی سیدانی سپی لە شوێنی رووداوەکە بووە و دواتر رۆیشتووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، ناوچەکە گەمارۆدراوە و قەوانی فیشەک دۆزراوەتەوە، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ گومانلێکراوێک دەستنیشان نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆنسووڵخانەی ئەمریکا سوپاسی پۆلیسی کرد بۆ "بەدەمەوەچوونیان" بۆ رووداوەکەی رۆژی دووشەممە.
لە 10ـی ئاداری رابردوودا، دوو پیاو چەندین گوللـەیان ئاراستەی کۆنسووڵخانەکە کرد، کە پۆلیس وەکو "رووداوێکی ئاسایشی نەتەوەیی" وەسفی کرد. ئەمەش وایکرد رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی باڵەخانە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو شارەی کەنەدا تووندتر بکرێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەو جەنگەی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە، لە مانگی حوزەیراندا دوو گەنجی تەمەن 18 و 19 ساڵ دەستگیرکران. بە گوتەی پۆلیس، ئەو کەسانە بۆ کاری تووندوتیژی بەکرێگیرابوون، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەسەر نەدرکاند.
پۆلیس هەروەها رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چەند رووداوێکی دیکەی تەقەکردن دەکەن، کە بە هەمان شێواز و رێگە کراون، لەوانە ئەو هێرشەی کە لە 2ـی ئاداردا کرایە سەر کەنیشتەیەکی جووەکان لە تۆرۆنتۆ.



