رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە نمایشی توانا ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دەبینن لە ئاسمانی ئۆرشەلیم / قودس، پاشان دەرچووانی خولێکی نوێی فڕۆکەوانیی سوپای ئیسرائیل. ئیسرائیلییەکان چاویان لەوانەیە هەڕەشەکانیان بەرامبەر بە ئێران بکەنە کردار.
بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "رەنگە لە دوو بۆ سێ ساڵی دیکە بە ئاسمانەوە بن و بەرەو رۆژهەڵات بفڕن بۆ بەشداریکردن لەو ئەرکەی کە ئامادەکاریمان بۆ کردووە و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنە ئامانج."
لە بەرامبەردا ئێران هەمیشە ئیسرائیلی بە هۆکارێک بۆ دروستکردنی ناسەقامگیریی نێوخۆی وڵاتەکەی زانیوە. خۆپێشاندانەکانی سێ مانگی رابردووی ئێرانیشی بە دەستی ئەو وڵاتە زانیوە.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە مانگی تشرینی دووەم رایگەیاند، "ئێمە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ناکۆکییەکمان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و جێندەری نییە، بەڵام دووژمنانمان دەیانەوێت ناکۆکی نەتەوەیی و جێندەریی دروست بکەن."
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی یەکەم، حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتەنیاهوو، سوێندی یاسایی خوارد و هەروەکو سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، هەر کەسێک لە دەسەڵاتدا بێت، ئیسرائیل رێگەنادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.


