رووداو دیجیتاڵ
گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشار رایدەگەیێنێت، ئێران ئێستا هەڕەشەیەکی راستەوخۆ و هەنووکەیی نییە بۆ سەر ئیسرائیل، تاوەکو پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێ پێویست بە هەنگاونان بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، گەورەترین مەترسیی ئێران ئەو 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێندراوەیە کە تاوەکو ئێستا لەنێونەبراوە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ئایزنکۆت لە کۆبوونەوەیەکی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، "سەبارەت بە ئێران، لە ئەمڕۆدا هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆ و هەنووکەیی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل نابینم، کە پێش پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هەنگاونان بێت."
ئایزنکۆت جەختی لەوە کردەوە، دەبێت ئیسرائیل سەرنج بخاتە سەر کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران. سەبارەت بە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتیش گوتی، "بە دڵێکی پاکەوە دەچینە نێو گفتوگۆکانەوە" و بەڵێنیدا "هەموو شتێک" بکات بۆ دروستکردنی یەکڕیزییەکی راستەقینە.
سەرۆکی پارتی یاشار رەتیکردەوە هیچ سازشێک بکات لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی سەبارەت بە شکستەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و پرسی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ بۆ هەمووان.
کۆبوونەوەی ئەمنی و بنبەستی سیاسی
رۆژی 12ـی تشرینی دووەم، نەتەنیاهوو کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی دوو کاژێریی لەگەڵ ئایزنکۆت ئەنجامدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئایزنکۆت وەک راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردبوو. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵەنگارییە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل کراوە.
کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی سوپای ئیسرائیل ئەوە بووە، کە هیچ پێویستییەکی بەپەلە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نییە. دواتر نەتەنیاهوو رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تەنیا پێویستیی دروستکردنی حکومەتێکی یەکڕیزی "بەهێزتر کردووە".
رۆژی 8ـی تشرینی دووەم، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ئایزنکۆتی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد و 28 رۆژی پێدا، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 14 رۆژی دیکە، لە کاتێکدا نەتەنیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر ماوەتەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەمدا، هاوپەیمانییەکەی ئایزنکۆت 48 کورسی و پارتە عەرەبییەکان 19 کورسییان بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا هاوپەیمانییەکەی نەتەنیاهوو 53 کورسی بەدەستهێنا. بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل، 61 کورسی پێویستە.



