رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ داوا لە تورکیا و هەنگاریا دەکات ئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە پەسند بکەن.
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، "هەموو هاوپەیمانەکانی ناتۆ پاڵپشتی لە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا دەکەن. سوێد پابەندبوونەکانی ئەستۆی جێبەجێ کردووە. پێشبینی دەکەم تورکیا و هەنگاریا بە زووترین کات ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا پەسند بکەن".
رۆژی 18-5-2022، حکومەتەکانی سوێد و فینلاند پێکەوە داواکاری بوون بە ئەندامی ناتۆیان رادەستی یانس ستۆڵتنبێرگ کرد. ستۆڵتنبێرگ پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد و گوتی، "رۆژێکی خۆشە و چرکەساتێکی گرنگە بۆ ئاسایشەکەمان".
بەڵام بوون بە ئەندامی ئەو رێکخراوە سەربازییە پێویستی بە رەزامەندیی هەر 31 ئەندامەکەی هەیە.
فینلاند لە 4-4-2023 بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا و هەنگاریا بەربەستن لە بەردەم بە ئەندامبوونی سوێد لەو رێکخراوە سەربازییەدا.
تورکیا دەڵێت، حکومەتی سوێد چالاکی ئەو گرووپ و رێکخراوانە کۆتایی پێناهێنێت کە ئەنقەرە وەک تیرۆریست ناویان دەهێنێت، لەوانەش پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گولەن.
هەرچی حکومەتی هەنگاریایە دەڵێت، سیاسەتمەدارانی سوێد رەخنە لە سیستمی دیموکراسی وڵاتەکەی دەگرن و ئەوەش شیاوی قبووڵکردن نییە.
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەنگاریا بکات و لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ