ترەمپ و بایدن لە دیبەیتەکەیاندا باسی چییان کرد؟

28-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


رۆژی پێنجشەممە، 27ـی حوزەیرانی 2024 بەکاتی واشنتن و بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیران بەکاتی هەولێر، دوای چوار ساڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستا لە دیبەیتێکی 90 خولەکیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و باسیان لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە ئەمریکا و دەرەوە کرد. 
 
لە دیبەیتەکە بایدن 35 خولەک و ترەمپیش 40 خولەک قسەیانکرد. دوو سەرۆکەکە لەسەر کۆمەڵێک بابەت مشتومڕیان کرد و لە چەند بابەتێکیش یەکدییان تۆمەتبار کرد.
 
ئابووری
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا "گەشەی هەلی کار" لە ئەمریکا لەدوای کۆرۆنا پاشەکشەی کرد.

 

 
ترەمپ گوتی، خەڵکێکی زۆر لەدوای کۆرۆنا نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان، ئەو هەروەها گوتی "هەڵاوسان خەریکە وڵاتەکە دەکوژێت".
 
بایدنیش گلەیی ئەوەیکرد کە دوای ترەمپ لە 2020 کاتێک بووە سەرۆک هەڵاوسان هەبوو، ترەمپیش رایگەیاند: "نەخێر هیچ هەڵاوسانێک نەبوو، من باشترین ئابووریم بەجێهێشت."
 
تەمەن
 
بایدن ئاماژەی بەوەدا راستە ئەو 81 ساڵە، بەڵام رکابەرەکەشی سێ ساڵ لەخۆی گەنجترە و جیاوازییەکی زۆریان نییە: "هەرچەندە لەمن بچووکترە، بەڵام ئەو بێتوانایە." بایدن داوای لە دەنگدەرەکان کرد سەیری تۆمار و مێژووی ترەمپ بکەن.
 
ترەمپیش لە وەڵامدا گوتی: "ئەگەر دەتوانی تاقیکردنەوەیەکی هۆشیاری بکە، دڵنیام لە پێنج پرسیاری یەکەم پەکت دەکەوێت." بایدن وەڵامی دایەوە: "دوو جار کردوومە و بە پلەی نایاب دەرچوومە." 
 
شەڕی غەززە
 
هەرچەندە دووجار پرسیار لە ترەمپ کرا "پشتگیریی لە دەوڵەتێکی ئازاد بۆ فەلەستین دەکەیت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئیسرائیل و حەماس؟" ترەمپ خۆی لە پرسیارەکە لادا و وەڵامی نەدایەوە. 
 
بایدنیش باسی ئەو پێشنیازەی کرد کە پێشکێی حەماسیان کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گۆڕینەوەیان بە بەندکراوانی فەلەستین. ترەمپ رەخنەی ئەوەی لە بایدن گرت کە ئەو ناتوانێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت و "بایدن وەک فەلەستینییەک وایە، بەڵام فەلەستینییەکان حەزی پێناکەن چونکە ئەو لاوازە."
 
کۆچبەران
 
ترەمپ بە بەردەوامی باسی ئەوەی کرد کە بایدن سنووری بۆ کۆچبەران کردووەتەوە و ملیۆنان کەس هاتوونەتە نێو ئەمریکا. ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو کە "کۆچبەران لە هۆتێلە گرانبەهاکان و ئەمریکییەکانیش لە سەر شەقامەکان دەمێننەوە.
 
بایدنیش لەبەرامبەردا گوتی: "ئەو تەنیا شتەکانی زۆر گەورە کردووە و هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەی نییە و ترەمپ خەریکە درۆدەکات." 
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گوتی لەماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا ئەمریکا خاوەن باشترین و تووندترین سنووری هەبووە، بەڵام ئێستا کراوەترین سنووری هەیە و کەس رێزی لێناگرێت.
 
هێرشکردنە سەر کۆنگرێس
 
رۆژی 06-01-2020 دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بڵاوکرایەوە و بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا؛ لایەنگرێکی زۆری ترەمپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا.
 
بایدن لە دیبەیتەکە گوتی: "ترەمپ هانی خەڵکیدا بۆ ئەوەی هێرش بکرێتە سەر کۆنگرێس." ترەمپیش لە بەرامبەردا رایگەیاند کە ئەو بێتاوانە و تەنیا داوای لێکراوە گوتارێک بدات. بایدن ئەوەشی باسکرد: "ترەمپ سێ کاژێر لە کۆشکی سپی دانیشت و لەلایەن جێگرەکەی و چەند کەسێکی دیکە لێی پاڕانەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بەم هێرشە بهێنێت."
 
دادگاییکردنی ترەمپ
 
دۆناڵد ترەمپ پێش چەند هەفتەیەک بە 34 کەیسی تاوانکاری لە دادگەیەکی نیو یۆرک سزادرا، یەکێکە لە تاوانەکان "بەرتیلدان بوو بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان بۆ ئەوەی باسی پەیوەندیی سێکسیی خۆی و ترەمپ نەکات."
 
 بایدن ئەو بابەتەی باسکرد و بە ترەمپی گوت: "تۆ حکومدراوی. تاکە کەس لەسەر ئەم سەکۆیە سزا و حوکمدرابێت ئەو پیاوەی بەرامبەرمە [ترەمپ]." بایدن هەروەها بە ترەمپی گوت: "تۆ ئەخلاقی پشیلەی کۆڵانانت هەیە." لە بەرامبەردا ترەمپ گوتی: "من سێکسم لەگەڵ ئەو ئەکتەرە نەکردووە."
 
کۆتایی دیبەیتەکە
 
قسەی کۆتایی دیبەتەکە لەلایەن ترەمپەوە کرا. ئەو گوتی: "وەکو زۆربەی سیاسەتڤانان، ئەم پیاوە [بایدن] زۆر بەخۆیدا هەڵدەدات؛ ئێمە ئەمە دەکەین و ئەوە دەکەین، ئێمە باج چارەسەر دەکەین؛ بەڵام ئەو هیچی نەکردووە. ئەو تەنیا بە رێگەکردنەوە بۆ ملیۆنان خەڵک وڵاتەکەی ئێمە مەترسیدارتر دەکات. ئێمە ئیسرائیلمان رانەگرت، ئەوە شتێکی زۆر خراپ بوو کە نەدەبوو رووبدات. لەماوەی سەرۆکایەتیی مندا ئێران بێ پارەبوو، کەس نەیدەتوانی بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات تەنانەت چینیش. ئەوە سێ ساڵ و نیوە بایدن باسی ئەو شتانە دەکات و هیچیشی نەکردووە و ئێمەش لە دۆزەخ دەژین."
 
ترەمپ و بایدن لە ناوبڕی دیبەیتەکە چییان کرد؟
 
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە ستۆدیۆی کەناڵی CNN کە دیبەیتەکەی پەخشکرد، ترەمپ و بایدن لە شوێنی خۆیان نەجووڵان، هیچ قسەیەکیان لەگەڵ یەک نەکرد و تەنانەت سەیری یەکدییان نەکرد. چەند وێنەگرێک خەریک بوون وێنەیان دەگرت و بایدن زەردەخەنەی بۆیان دەکرد.
 
دیبەیتەکەی بایدن و ترەمپ لە شاری ئەتڵانتا لە ویلایەتی جۆرجیا بەبێ ئامادەبوونی هیچ کەسێک لە ستۆدیۆ بەڕێوەچوو. دوو سەرۆکەکە لە تەواوی دیبەیتەکە لەسەر پێ وەستان.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حیکمەت بامەڕنێ، بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمریکا

بەرپرسێکی پارتی لە ئەمریکا: دیموکرات و کۆمارییەکانیش یارمەتیی کوردیان داوە

بەرپرسی لقی حەوتی پارتی لە ئەمریکا دەڵێت: دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. گوتیشی ''ترەمپ سیاسی نییە، بەڵکو بازرگانە و تەنیا بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاوە.''