رووداو دیجیتاڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەڵێ، سوپای ئەمریکا مانگی رابردوو پلانی هێرشی زەوینی بۆ چوونە نێو ئێران و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئەو وڵاتەی پێدرابوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە دوا ساتەکاندا بڕیاری راگرتنی هەنگاوەکەی دا. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، رۆژی 19ـی ئایار لە برۆکسلەوە گەڕاوەتەوە فلۆریدا تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکارییەکانی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە بێت. پاشان، دان کەین بژارە سەربازییەکانی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ و هۆشداریشی لەبارەی مەترسی هەنگاوەکە پێداوە. سەرۆکی ئەمریکا دوای بیستنی هۆشدارییەکان لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی تووندی تاران و درێژبوونەوەی جەنگ، بڕیاری دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکەی دا.وە سی ئێن ئێن دەڵێ، چەند سەرچاوەیەک پێی راگەیاندووە، ترەمپ نیگەران بووە لەوەی هێرشی زەویینی ببێتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکا. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی واشنتن دەستبەسەرداگرتنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێرانە کە بە رێژەیەکی بەرز و نزیکەی 60% پیتێنراوە. ئەم مادەیە کەوتووەتە ژێر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ، دوای بۆردوومانەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی بۆردوومانی مانگی حوزەیرانی رابردوو. پسپۆڕانی ئەتۆمیی دەڵێن دۆزینەوە و گواستنەوەی ئەو مادەیە لە کاتی جەنگدا کارێکی یەکجار دژوارە. بەپێی راپۆرتەکە، هێزە ئەمریکییەکان باوەڕیان وایە شوێنی هەموو یۆرانیۆمەکە دەزانن، بەڵام پاراستن و گواستنەوەی پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە تایبەتەکان هەبووە.
جیهان12-06-2026بۆ رێگری لە وەرگرتنی وڵاتینامە؛ ئەمریکا سەدان ڤیزای "گەشتوگوزاری لەدایکبوون" پوچەڵ دەکاتەوە