رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین ساڵ لە توێژینەوە و کاری ورد، بۆ جاری یەکەم لە مێژوودا، یەکەم فڕۆکەی نەفەرهەڵگری چین فڕی.
چین، بەهیوایە بەو فڕۆکە نوێیەی دروستی کردووە رکابەری لەگەڵ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی رۆژئاوا بکات.
رۆژی یەکشەممە 28-5-2023، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی رۆژهەڵاتی چین، فڕینی یەکەم فڕۆکەی بە ناوی C919 راگەیاند.
بە گوێرەی میدیای چین، فڕۆکەکە کاژێر 10:30 سەرلەبەیانی بە کاتی پەکین (05:30 سەرلەبەیانی بەکاتی هەولێر) لە فڕۆکەخانەی شەنگهای هۆنگچاوەوە دەستی بە فڕین کردووە.
فڕۆکەکە 130 سەرنشینی هەڵگرتووە و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شەنگهای هۆنگچاوەوە بەرەو فڕۆکەخانی نێودەوڵەتیی پەکین فڕیوە؛ فڕۆکەکە کاژێر 08:10 خولەکی سەرلەبەیانی بەکاتی هەولێر، گەیشتە فڕۆکەخانەی پەکین.
کۆمپانیای کۆماک لە ساڵی 2008 دامەزراوە و لەلایەن حکومەتی چینەوە خاوەنداریێتی دەکرێت. چین وەبەرهێنانێکی زۆری لە دروستکردنی فڕۆکەدا کردووە و هەوڵدەدات ببێتە خاوەنی فڕۆکەی خۆی.
چین دەیەوێت بە فڕۆکەی C919 رکابەریی بۆینگ 737 ماکس و ئەیربەس A320 بکات.
ژانگ یوجین، جێگری بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیای کۆماک بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە هەزار و 200 داواکاریی خەڵکیان بۆ بوون بە یەکەم سەرنشینی فڕۆکەی C919 بەدەستگەیشتووە.
هاوکات باسی لەوەشکرد، پلانیان وایە لە 5 ساڵی داهاتوودا دروستکردنی ساڵانەی فڕۆکەیان بگەیێننە 150 دانە.
ئاسیا و چین دوو ئامانجی سەرەکی کۆمپانیای ئێربەسی فەرەنسی و بۆینگی ئەمریکین. مانگی نیسانی ئەمساڵ کۆمپانیای ئێربەس دووهێندەکردنی بەرهەمی لە چین راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ