حکومەتی تاڵیبان: لە جێبەجێکردنی یاسای رەوشت، هێز بەکارناهێنین

27-08-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

"یاسای رەوشت"ـی حکومەتی تاڵیبان لە جیهاندا مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە بەوەی لەدژی ژنان و کچانە. تاڵیبان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی و دەشڵێ بەبێ بەکارهێنانی هێز، دەیسەپێنن. 
 
رۆژی دووشەممە، 26-8-2024، حەمەدوڵڵا فیترەت، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند "لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای رەوشت، هیچ هێزێك بەکارناهێندرێت و هیچ جۆرە سەرکوتکارییەک ناکرێت."
 
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی داد لە حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان یاسایەکی بەناوی "یاسای رەوشت" دەرکرد کە لە 35 بڕگە پێکدێت و بە گوێرەی راگەیێندراوەکە "کاروباری موسڵمانان رێکدەخات و لە بابەتە ناشەرعی و حەرامەکان ئاگاداریان دەکاتەوە." 
 
یاساکە هەموو وارێکی ژیانی خەڵک دەگرێتەوە، لە بابەتی گشتی و تایبەتی ژیانی هەر تاك و خێزانێكی ئەفغانی و دانیشتووی ئەو وڵاتە.
 
زۆربەی بڕگەکانی یاساکە تایبەت بە ژن کراون؛ دیارترینیان "داپۆشینی جەستەی ژن بەتەواوەتی بە جلوبەرگێکی باڵاپۆشیی فراوان لە کاتی بوونی کەسانی نامەحرەم" هەروەها داپۆشینی دەموچاو کە بە هۆکاری بڵاوکردنی "فیتنە" پێناسەکراوە.
 
بڕگەیەکی دیکەی نێو یاساکە؛ سزای ئەو ژنانە دەدات کە لە دەرەوە بەتایبەتی لە بازاڕەکان بە دەنگی بەرز قسە دەکەن؛ بە گوێرەی یاساکە "دەنگیان دەبێتە هۆی ورووژاندنی پیاوان بەتایبەتی گەنجان."
 
یاساکە نیگەرانیی بەشێك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە ناحکومی و چالاکڤانانی لێکەوتەوە، داوایان لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد گوشار بخەنە سەر تاڵیبان بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
 
گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رەتیکردەوە هیچ جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر خەڵک بکرێت و رایگەیاند "سەرجەم یاساکان بە نەرمییەکی تەواو جێبەجێ دەکرێن و لە رێگەی میدیا و تیمە گەڕۆکەکان، بۆ خەڵک روون دەکرێنەوە." 
 
تاڵیبان رایگەیاندووە سەرجەم بڕگەکانی یاساکە لە "قورئان و سوننە" سەرچاوەیان گرتووە، هیچ ''مەرجەعێکی'' مرۆیی پشتی پێنەبەستراوە.
 
حەمەدوڵڵا فیترەت رەخنە لەوانە دەگرێت کە رەخنە لە یاساکە دەگرن و بە دژی شەریعەتی ئیسلام ناویان دەبات، دەشڵێت "جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر بنەمای فەرمان بە چاکە و دوورخستنەوە لە خراپە دەبێت و هەموو بڕگەکانی یاساکە ریشەیەکیان لە قورئان و سوننەدا هەیە، هەر کەسێك رەخنەیان لێ بگرێت، رەخنەی لە شەرعی خوا گرتووە و هیچ موسڵمانێکیش ئەو کارە ناکات"؛ گوتیشی ''هەر وەک چۆن موسڵمانان رێز لە یاسای وڵاتانی دیکە دەگرن، دەبێت ناموسڵمانەکانیش رێز لە شەرعی خوا بگرن کە ئایینی ئیسلامە." 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لە بەشێك لە بڕگەکانی یاساکە گرت، بەڵام هەندێکیانی بە ئەرێنی ناوبرد وەک بڕگەی قەدەخەکردنی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بێ دایک و باوک؛ هەروەها قەدەخەکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی یاریی ناسراو بە "پاشابازی"، کە نەریتێكی کۆنی ناوچەکەیە و تێیدا هەندێ خراپ بەکاریدەهێنن و دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر منداڵان.
 
یەکێتیی ئەورووپا دەنگی خۆی خستە پاڵ نەتەوە یەکگرتووەکان؛ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە رایگەیاند "بڕیاری تاڵیبان بە دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، لێدانێكی دیکەیە لە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان و کچانی ئەفغانی، ناشکرێت چاوپۆشیی لێ بکەین." 
 
بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە ئابی 2021ـەوە  گەڕایەوە دەسەڵات ئەوەش لەدوای زیاتر لە 20 ساڵ لە رووخاندنی دەسەڵاتیان لەلایەن ئەمریکاوە کە دواجار لە سەردەمی ترەمپ لە پاییزی 2021 لە قەتەر، نوێنەرانی ئەمریکا و تاڵیبان لەسەر رادەستکردنی دەسەڵات رێککەوتن، بە گەڕانەوەی تاڵیبان، حکومەتی تەمەن 20 ساڵەی ئەفغانستان پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، هەرەسی هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا

پووتین: رازین بە پێشنیازی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکەی بە پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی ئۆکراینا رازیبووە، بەڵام پێویستە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم قەیرانە" چارەسەر بکرێن و وردەکارییەکانیش بخرێنەڕوو.