ئەزهەر: یاری پۆكیمۆن گۆ حەرام نییە

26-07-2016
ئەحمەد عەبدوڵڵا
رووداو
رووداو
نیشانەکردن پۆكیمۆن گۆ
A+ A-

رووداو - قاهیرە

لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر یاری پۆكیمۆن گۆ بووەتە مایەی باسی زانایانی ئایینی و هەندێکیان هۆشداری لەبەکارهێنانی ئەو یاریە دەدەن.
 
یاری پۆکیمۆن گۆ ئەپلیکەیشنێکی نوێیە بۆ مۆبایل و لەم دواییانەدا نێوبانگێکی جیهانی پەیداکردووە، بەڵام هەر بەهۆی یارییەكە چەندین رووداوی دڵتەزێن روویانداوە.

عەباس شومان، بریکاری شێخی ئەزهەر دەڵێت "تەنیا هۆشداری لەبارەی ئالوودەبوون بەو یاریە دەدرێت، چونکە لەکاتە گرنگەکاندا سەرقاڵت دەکات. بەشێوەیەک رەنگە خەڵکی رووبەڕووی مەترسی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە ماڵی خۆیدا ئەو یاریە بکات، ئەو هیچ بەربەستێک نییە"

ئەو هۆشدارییە لەچوارچێوەی بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی دێت دژی ئەو ئەپلیکەیشنەكە، هەروەک لە سعودیەش رەخنە لە خوگرتن لە بەکارهێنانی ئەو یارییە دراوە.

بەڵام شومان وایدەبینێت پۆکیمۆن حەرام نەکراوە لە ئیسلامدا، بەڵام ئەو لە بواری تەندروستی و سەلامەتی بەکارهێنەر نیگەرانە.

بریکاری شێخی ئەزهەر دەشڵێت "ئەگەر مرۆڤ سەرقاڵی خوێندنەوەی قورئان بوو، لەکاتی شوفێریدا ئەوا پێی دەڵیین نابێت لەو کاتانەدا قورئان بخوێندرێتەوە چونکە مەترسی لەسەر ژیانت دروست دەکات، بۆ یاریەکەش بەهەمان شێوەیە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە چۆنێتی بەکارهێنانی یاریەکە هەیە، ئایا مەترسی لەسەر بەکارهێنەر دروستدەکات یاخود نا".

یاری "پۆکیمۆن گۆ"  کە لە سەرەتای مانگی حەوتی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە لە سەرتاسەری جیهان ملیۆنان کەس بەکارهێنەری پەیداکردووە.

ئەو یاریە یاریەکی خۆڕاییە و  لەسەر مۆبایل دەچەسپێندرێت، و پەرەیپێدراوە لەسەر بنچینەی کەسایەتی پۆکیمۆنی ژاپۆن، کە جێی بایەخی منداڵان بووە لە نەوەدەکانی سەدەی بیستدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە