رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەرکەوت کە کچە قوتابییەکی 13 ساڵان، تووشی دەستدرێژی و هەڕەشەی پاسەوانێکی گوند (جەردەوان) و شۆفێری پاسی قوتابخانەکە بووە. پەرلەمانتاری جۆلەمێرگ کە بابەتەکەی لە رێگەی پرسیارێکەوە گەیاندووەتە پەرلەمانی تورکیا، وردەکاریی ئەم دۆسیەیەی بۆ رووداو ئاشکرا کرد.
ئۆزنور بارتن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ هەموو پێداگرییەکانی منداڵەکە، هەردوو تۆمەتبار لەلایەن دادگەوە ئازاد کراون و گوتی: "لەبەر ئەوەی تۆمەتبارێک پاسەوانی گوندە، لەلایەن دەوڵەتەوە دەپارێزرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەم رووداوە بە سەرنجی مامۆستایەکی قوتابخانەکە لە گەڤەر ئاشکرا بووە. کاتێک ئەو منداڵە 13 ساڵانە چەند رۆژێک لەسەریەک ناچێتە قوتابخانە، مامۆستای رێنمایی قوتابخانەکە بۆ زانینی هۆکارەکە لەگەڵ منداڵەکە قسە دەکات. لەو قسەکردنەدا منداڵەکە بە مامۆستاکەی دەڵێت کە دوو کەس دەستدرێژییان کردووەتە سەری.
دوای ئەوەی مامۆستاکە بەم دۆخە دەزانێت، بێدەنگ نابێت، راپۆرتێک ئامادە دەکات، دەزگا پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە ئاگادار دەکاتەوە و بانگهێشتی بنەماڵەکەی دەکرێت.
دەستدرێژییان کردووە و دیمەنەکانیان تۆمارکردووە
دوای ئاگادارکردنەوەکە، بنەماڵەکەی رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە شێوەیەکی فەرمی سکاڵایان لەسەر هەردوو کەسەکە لە داواکاری گشتی تۆمار کرد. رۆژی 21ـی تشرینی یەکەم لە ناوەندی چاودێریی منداڵان (چیم) بە هاوکاریی دەروونناسان و هێزی ئەمنی، گوتەی هەرزەکارەکە وەرگیرا و منداڵەکە کەوتە ژێر پاراستنی دەوڵەت.
منداڵەکە لە گوتەکانیدا بە وردی گێڕایەوە کە چۆن هەڵخەڵەتێنراوە و دەستدرێژیی کراوەتە سەری. بەپێی گوتەکان، ئەو کەسانە لە نێو پاسی قوتابخانەکەشدا دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵەکە. هەروەها دەرکەوت کە دوای دەستدرێژییەکە وێنە و دیمەنیان گرتووە و هەڕەشەیان لێکردووە و پێیان گوتووە: "ئەگەر دەنگت بکەیت، ئێمە نیشانی بنەماڵەکەتی دەدەین."
تۆمەتباران ئازاد کران
ئەو دوو کەسەی کە منداڵەکە ناویانی داوە، یەکێکیان ناوی (ن. ک)ـە کە پاسەوانی گوندە و گۆرانیبێژی میللییە و ئەوی دیکەشیان ناوی (ئـ. ئـ)ـە کە شۆفێری پاسی قوتابخانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە.
هەردوو تۆمەتبار بۆ وەرگرتنی گوتە بانگهێشت کران، بەڵام لەگەڵ قسە روونەکانی منداڵەکە، بە بیانووی ئەوەی "راپۆرتی پزیشکی پاکە" لەلایەن دادگەوە ئازاد کران.
ئۆزنور بارتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە جۆلەمێرگ، لەبارەی ئەم دۆسیەیە بۆ رووداو دوا و ئاماژەی بەوە کرد، "بێ سزا هێشتنەوەی تاوانباران، رێگە بۆ تاوانی نوێ دەکاتەوە."
"دەوڵەت ئەوان دەپارێزێت"
بارتن گوتی: "منداڵەکە هەموو شتێک یەک بە یەک دەڵێت و دیاری دەکات کە دەستدرێژی کراوەتە سەری. بەڵام بە بیانووی ئەوەی راپۆرت پاکە، ئەوان ئازادیان دەکەن. یەکێک لە تۆمەتباران پاسەوانی گوندە و دوو برایشی سەربازن؛ دەوڵەت ئەوان دەپارێزێت. لەگەڵ سکاڵای بنەماڵەکە، ئەوان دەستگیر ناکرێن. کاتێک بۆ گوتە بانگهێشت کراون، ئەوان ئەو تۆمەتەیان رەت کردووەتەوە. بەڵام ئێمە داوای لێکۆڵینەوەی تەلەفۆنەکانیانمان کردووە؛ دەبێت تەلەفۆنەکانیان بپشکنرێن."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، باسی رابردووی شۆفێری پاسەکەی کرد و گوتی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، پێشتر هەمان تاوانی دژی کەسێکی دیکە کردووە. رووداوی لەم شێوەیە هەمیشە روودەدەن، بەڵام تاوانبار بێ سزا دەمێننەوە. زۆر رووداوی وا شاردراونەتەوە. ئێمە دەمانەوێت لێکۆڵینەوە لەم رووداوە بکرێت و تاوانباران سزا بدرێن."
ئۆزنور بارتن هەروەها رایدەگەیێنێت، پرسیارێکی ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا کردووە، تاوەکو ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە رووداوەکە دەست بە لێپرسینەوە بکات.
بارتن پرسیویەتی: "ئایا تۆمەتبار بەهۆی پاسەوانیی گوندەوە دەپارێزرێت یان نا، بۆ سەلامەتی و پەروەردەی منداڵەکە چی هەنگاوێک نراوە و بۆچی سەبارەت بە تۆمەتباران بڕیاری دەستگیرکردن دەرنەکراوە؟"


