بەرپرسێکی ئەمریکا بۆ رووداو: عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ بەرەوپێشچوونی باشی بەدەستهێناوە

26-06-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
سیندی دایەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. وێنە: بەرزین سەعدی - رووداو
سیندی دایەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. وێنە: بەرزین سەعدی - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ "بەرەوپێشچوونی باشی بەدەستهێناوە." ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار لە پێنج ساڵی رابردوودا راپۆرتێکی پێشکێش کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 سیندی دایەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە.
 
باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ گوتی، ئەم ساڵ ریزبەندیی عێراق لەبارەی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ ئاستی دووەم بەرز کراوەتەوە و گوتی، "ئەوە ئاماژەیەکی باشە و ئەوە دەردەخات کە هەوڵی زۆر هەبووە، بەڵام هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێن."
 
هەوڵەکانی وڵاتان لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەسەر سێ ئاست دابەش دەکرێن.
 
دایەر گوتی، حکومەتی عێراق چەندین کاری گرنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کردووە، لەنێویاندا "لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی پەیوەندیدار لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەسزاگەیاندنی زیاتری ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، دامەزراندنی دادوەرانی تایبەتمەند بۆ کەیسەکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و زیادکردنی کارمەندەکانی وەزارەتی ناوخۆ و یەکەکانی دژ بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەنێویاندا زیادکردنی ژنە پۆلیسەکان."
 
باڵیۆزەکەی ئەمریکا گوتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیا راپۆرتێکی بۆ یەکەمجار لە پێنج ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە، هەروەها ژمارەیەکی زیاتری قوربانییانی بازرگانیکردنیان بە مرۆڤ دەستنیشان کرد."
 
لەبارەی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانیش، ئەو باڵیۆزەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، "یەکێک لەو شتانەی ئێمە لە راپۆرتی ئەم ساڵ و ساڵەکانی دیکە جەختمان لێی کردووەتەوە ئەوەیە، هانی حکومەتەکان بدەین کاری باشتر بکەن بۆئەوەی رێگری لە قوربانییان بکەن، کە پارە بە قاچاخچییان بدەن، چونکە ئەوە نەک تەنیا مەترسیی بازرگانیکردنیان دەخاتە سەر، بەڵکو مەترسیی مردنیشیان دەخاتە سەر، چونکە ئەوان لە ژینگەیەکی ناسەلامەت گەشت دەکەن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی سیندی دایەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: زۆر سوپاس باڵیۆز، من دیار کوردەم، لە تۆڕی میدیایی رووداو لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم ساڵ نووسینگەی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لەم دواییەدا باسیان لە زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، 10 حاڵەت تۆمار کراون، لەنێویاندا لە ساڵی 2023، چالاکڤانە مەدەنییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە هەژاریی تووند و ئاوارەبوونی هەزاران خەڵک لە عێراق هۆکاری سەرەکیی بازرگانیکردنن بە مرۆڤ لە عێراق، ئەم ساڵیش ئێوە خەڵاتی کەسێکی عێراقیتان بەناوی موستەفا یاسری، لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووە، لە هەمان کاتیشدا، دەڵێن حکومەتی عێراق سەرەتاییترین ستانداردەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە نەبینیوە، کەوایە ئەی ئەو پێشکەوتنە چییە حکومەتی عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو بەخۆیەوە بینیویەتی؟
 
سیندی دایەر: بەڵێ، زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت، ئەم ساڵ عێراق بۆ پلەبەندیی دووەم بەرزکراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەوە ئاماژەیەکی باشە، ئەوە دەردەخات کە هەوڵی زیاتر هەبووە، بەڵام هێشتا کاری زیاتر ماوە ئەنجام بدرێت، بەتایبەت ئەو هەوڵانەی کە ئێمە لە راپۆرتی ئەمساڵماندا ئاماژەمان پێکردووە، لەنێویاندا لێکۆڵینەوەکانی حکومەت و دادگاییکردنی زیاتر لەبارەی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەسزاگەیاندنی زیاتری ئەو کەسانەی بازرگانی بەمرۆڤەوە دەکەن، دامەزراندنی دادوەرانی تایبەتمەند بۆ کەیسەکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و زیادکردنی کارمەندەکانی وەزارەتی ناوخۆ و یەکەکانی دژ بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەنێویاندا زیادکردنی ژنە پۆلیسەکان. هەروەها حکومەت حکومەت رێکارەکانی ستانداردێکی فەرمی دارشت و بڵاویکردەوە، کە بۆ دیاریکردنی ناسنامەی قوربانییەکان سوودی لێوەردەگیرێت. هەروەها راهێنانیان بە بەرپرسەکان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئەو رێکارانە بەکاربهێنن، لەنێویاندا دادوەرانی لێکۆڵینەوە کە بە تاکە بەرپرسیار ماونەتەوە کە توانیویانە قوربانییەکان بناسێنن. هەروەها حکومەت ژمارەیەکی زیاتری قوربانییانی ئاشکرا کرد و پەناگەیەکی تایبەتی بۆ قوربانییانی پیاوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردەوە. ئەو پەناگەیەی قوربانییان لە بەغدا کرایەوە، هەروەها پەناگەیەکی دیکەش بۆ قوربانییە ژنەکان کرایەوە، کە من ناوی بەتەواوەتی نازانم.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا راپۆرتێکی بۆ یەکەمجار لە پێنج ساڵی رابردوودا بڵاوکردە، هەروەها ژمارەیەکی زیاتری قوربانییانی بازرگانیکردنییان بە مرۆڤ دەستنیشان کرد، بەراورد بەو دوو راپۆرتەی کە پێشتر بڵاویانکردووەتەوە. لەکۆتاییدا حکومەت پڕۆژەیاسایەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دارشت و دەرکرد کە رۆل و بەرپرسیارێتی وردی بۆ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دیاریکرد. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە پلەبەندی دووەم دیاریکراون، توانای ئەوەیان هەیە کە زیاتر بەرەوپێشەوە بچن. ئێمە لە راپۆرتی ئەمساڵماندا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە حکومەت لە چەندین لایەنی نەیتوانیوە بگات بە ستانداردە سەرەتاییەکان، یەکەمیان ئەوەیە حکومەت راپۆرتی لەبارەی هەوڵەکان بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی هاوبەش نەکردووە. هەندێک جار ئەوە زۆر قورسە بۆ ئەوەی کە هاوکارەکانت بە بەرپرسیار دابنێین، بەڵام ئێمە کەمی توانای حکومەتمان بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی هاوبەش دیاریکرد، لەنێویاندا ئەو بەرپرسانەی کە گوایە لە بەکارهێنانی منداڵان و هەبوونی پەیوەندی بە داعش و کەسوکارەکانیان لە بازرگانیکردن بە سێکس تێوەگلاون لەبەرامبەر ئەوەی بەڵگەنامە مەدەنییەکانی کە پێویستن بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەدەستبهێنن. سەرەڕای زیادکردنی راهێنانەکان، بەڵام هێشتا دادوەرەکان زانیاری زۆر سنووردارییان لەسەر پرسی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە هەیە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوان تاکە بەرپرسن کە بەفەرمیی قوربانییان دیاری دەکەن و خزمەتگوزارییان پێشكێش دەکەن. هەروەها ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کە لە هەندێک کەیسەکاندا بەرپرسان نەیانتوانیەوە کە ناسنامەی قوربانییەکان دیاری بکەن، کە لە ئەنجامدا بەشێوەیەکی نەگونجاو سزای قوربانییەکان دەدەن کە رەنگە ناچار بوون کە وەکو بەشێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوان ئەنجام بدەن. ئێوەش تێبینی ئەوە دەکەن کە ئەوە شتێکە ئێمە لە تەواوی راپۆرتەکەدا تێبینیمان کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێمە بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە کە قوربانییەکان بەشێوەیەکی نەگونجاو سزا نادرێن بۆ ئەو تاوانانەی کە ناچاربوون وەک بەشیک لە بازرگانیکردن ئەنجامی بدەن، ئێمە بەتایبەت ئەوەمان لە عێراق بینیوە لە کەیسەکانی پێشێلکاری لەشفرۆشی یان پێشێلکاری کۆچبەری. هەروەها ئێمە بینیومانە کە کەمی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگە بەشێک لە کۆمەڵگە لاوازەکانی وەکو LGBTQI کە دەستییان بە خزمەتگوازارییەکان ناگات.
 
رووداو: دەمویست ئاماژە بەوە بدەم، لە راپۆرتەکەتان باستان لەوە کردووە کە حکومەتی عێراق ئامادەنەبوونە لە هەندێک کەیسدا زانیاریتان پێبدەن، بەتایبەتیش لە تێوەگلانی ئەو بەرپرسانی تۆمەتبارن بە بەکارهێنانی منداڵانی کەسوکاری داعش. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو دا راپۆرتیان بە ئێوە نەداوە، ئەی چی وایلێکردوون حکومەتی عێراق بخەنە ئاستی دوو، لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئامادە نەبوونە لە هەندێک کەیسدا هاوکاریتان بکەن و زانیاریتان پێبدەن و کەمترین ستانداردەکانیش جێبەجێ بکەن؟
 
سیندی دایەر: هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە پلەبەندی یەکەم داندراون ئەوانەن کە هەموو ستانداردەکان تێدایە، ئەو وڵاتانەی کە لە پلەبەندی دووەم داندراون ئەوانەن کە بەگوێرەی ستانداردەکان مەرجەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەڵام کار دەکەن کە مەرجەکانی ستانداردەکان جێبەجێ بکەن. هەروەها تۆ باست لە خاڵێکی گرنگ کرد، ئێمە ئەو زانیاریانە تەنیا لە بەرپرسەکانی حکومەت وەرناگرین و هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەین، هەرچەندە ئەو سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی زانیارین، بەڵام ئێمە هەروەها زانیارییە گرنگەکان لە رێکخراوەکان، لە لایەنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییان وەردەگرین، ئێمە ئەو زانیارییانە تەنیا لە واشنتن کۆناکەینەوە، بەڵکو لە ستافەکەشمان لە عێراق وەریدەگرین، ئێمە لە تەواویی ساڵە ئەو کارە دەکەین.
 
ئێمە هەندێک شت دیاری دەکەین بۆ ئەوەی بەرەوپێشەوە ببرێن، بۆ نموونە بواری پابەندبوون، دابینکردنی راهێنانی باشتر بۆ ئەوانەی کە لێکۆڵینەوە دەکەن و دادوەرن. ئێمە سەیری هەرسێ لایەنی شتەکە دەکەین  هەروەکو یاسای پارێزبەندی قوربانییانی بازرگانیکردن داوامان لێدەکات، ئێمە سەیری ژمارەی لێکۆڵینەوەکان، پارێزبەندییەکان و رێگرین لێیان دەکەین. باشترین هەڵسەنگاندنی ئێمە دوای سەیرکردنی هەموو ئەو زانیارییانەی کە توانیمان بەدەستی بهێنین، ئەوەیە کە عێراق شایەنی ئەوەبوو کە بەرزبکرێتەوە بۆ پلەبەندی دووەم، ئەو باشترین هەڵسەنگاندنی ئێمە بوو لەسەر  بنەمای سەیرکردنی هەموو بنەماکانی کە یاسای یاسای پارێزبەندی قوربانییانی بازرگانیکردن داوای دەکات.
 
رووداو: هەفتەی رابردوو دەیان کۆچبەر لە رێگەیان بەرەو ئیتاڵیا لە دەریادا خنکان، ئەوان لە هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ برابوون و بازرگانییان پێوە کرابوو، ئێوە هیچ هەوڵێک دەدەن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو قاچاخچییانە ببنەوە کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران لە دەریا رووبەڕووی مردن دەکەنەوە، ئێوە چی پەیوەندییەکتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە هەیە؟
 
سیندی دایەر: سەرەتا دەمەوێت راستکردنەوەیەکی بچووک بکەم، پرسی بەقاچاخبردنی کۆچبەران جیاوازە لە پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام هەردووکیان بەدڵنییایەوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەو کەسانەی پارە دەدەن بە قاچاخچی مەترسی بازرگانییکردنیان لەسەرە، بەتایبەت ئەگەر نەتوانن پارەی قاچاخچییەکە بدەن. هەردووکیان دوو تاوانی جیاوازن، بەڵام ئێمە کار لەسەر هەردووکیان دەکەین، چونکە ئێمە دەزانین کە هەردووکیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، یەکێک لەو شتانەی کە ئێمە لە راپۆرتی ئەم ساڵ و ساڵەکانی دیکە جەختمان لێی کردووەتەوە ئەوەیە کە هانی حکومەتەکان بدەین بۆ ئەوەی کاری باشتر بکەن بۆ ئەوەی رێگری لە قوربانییان بکەن کە پارە بە قاچاخچییان بدەن، چونکە ئەوە نەک تەنیا مەترسی بازرگانییکردنیان دەخاتە سەر، بەڵکو مەترسی مردنیشییان دەخاتە سەر، چونکە ئەوان لە ژینگەیەکی ناسەلامەت گەشت دەکەن، لەبەر ئەوە ئێمە هانی حکومەتەکان دەدەین کە دەرفەتی زیاتر بدەنە خەڵک، گەڕانی زیاتر بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بکەن و دەرفەتی زیاتری گەشتکردنی یاسایی بدەن بە خەڵک بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە قاچاخچییانی کۆچبەران تێوەبگلێن، چونکە دەزانین ئەوە ژیانیان دەخاتە نەک تەنیا دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو مەترسی بازرگانیکردن بە مرۆڤیشییان دەخاتە سەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا