رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی کۆچی نایاسایی لە رێگەی دەریای مانشەوە بەردەوامن. دەیان کۆچبەر کە منداڵیان لەنێودایە، لەسەر بەلەمێکی لاستیکی لە کەناراوەکانی (ئاردێلۆ)ی فەرەنسا بینراون، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەیان بەرەو بەریتانیا.
رۆژی هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، دەیان کۆچبەری نایاسایی کە منداڵیان لەنێودابوو، لەسەر بەلەمێکی لاستیکی لە کەناراوەکانی (ئاردێلۆ)ی فەرەنسا کۆببوونەوە و هەوڵیاندا لە رێگەی دەریای مانشەوە خۆیان بگەیێننە بەریتانیا.
هەرچەندە بەلەمەکە بە کۆچبەرەکانەوە لە رێگەی دەریای مانشەوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست نەزانراوە. هەروەها لایەنی فەرمییەکانی بەریتانیا لە 24 کاژێری رابردوودا لەمبارەیەوە هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە.
سەرەڕای رێکارە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، هەوڵەکانی پەڕینەوە بە رێژەیەکی زۆر بەردەوامن. لە ماوەی 4 رۆژدا، لەنێوان کۆتایی تشرینی یەکەم و سەرەتای تشرینی دووەم، 1,670 کۆچبەر لە رێگەی 23 بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.

