رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە دوایین هەینیی مانگی ئایار رۆژی جیهانی خۆپارێزییە لە گەرما و ئەمساڵ دەکەوێتە رۆژی 26ی ئایارەوە.
رۆژەکە لەلایەن رێکخراوەکانی خۆپارێزی، دامەزراوەی تەندروستیی ئۆشا و کەشوهەوای نیشتمانییەوە دانراوە. ئامانج لە دانانی ئەو رۆژە بۆ خۆپارێزی لە گەرما ئەوەیە، کرێکار، کارمەند و تەواوی خەڵک لەو مەترسییانە ئاگاداربکرێنەوە کە گەرما لەسەر تەندروستییان دروستی دەکات.
هەروەها لە رێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشداریی تەندروستییەوە هەوڵدەدرێت نەخۆشی و گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە کەمبکرێتەوە.
دوایین هەینی مانگی ئایار لەبەرئەوە بە رۆژی جیهانیی خۆپارێزی لە گەرما دانراوە، تاوەکو ئەو کرێکارانەی بە رۆژ لەبەر خۆر و لە گەرمادا کاردەکەن لە بوورانەوە، وشکبوونەوە، جەڵدەی دڵ و مردن دووربن.
زانایان بەردەوام هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەی گەرما لە وەرزی هاوین و گەرمبوونی زەوی بڵاودەکەنەوە.
نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا پلەی گەرمای زەوی 1.5 پلە بە بەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی بەرزترە.
زانایان لە دامەزراوەی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکس رایانگەیاندووە، هاوینی 2022 گەرمترین بووە لەو کاتەوەی پلەی گەرما تۆمارکراوە. لە 2022دا ژمارەیەک شەپۆلی گەرمای توند روویان لە ئەوروپا کرد. پلەی گەرما لە چەند بەشێکی بەریتانیا، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتە سەروو 40 پلەی سیلیزی.
زانایان لە رێکخراوی چاودێریی کەشوهەوای زەوی باسیان لەوەکردووە، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەو رادەیەی پلەی گەرمییە.
لانیکەم 20 هەزار هاووڵاتی لە هەر چوار وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و پورتوگال بەهۆی شەپۆلی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە. رێکخراوی کەشوهەوای جیهانی باس لەوەدەکات، لە 50 ساڵی رابردوودا 148 هەزار کەس لە ئەوروپا بەهۆی شەپۆلی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
گیانلەدەستدان لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی گەرماوە لە 2022 بەمجۆرە بووە: بەریتانیا 3,271 کەس، فەرەنسا 10,420 کەس، ئیسپانیا 4,655 کەس، ئەڵمانیا 4,500 کەس و پورتوگال 1000 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ