رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرما بەشێکی زۆری ئەورووپای گرتووەتەوە و فەرەنسا گەرمترین رۆژی خۆی لە ساڵی 1947ـەوە تۆمارکرد. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە 22ـی ئایاری ئەم ساڵەوە 73 کەس لە سەرانسەری ئەورووپا بەهۆی گەرما و کاریگەرییەکانی مردوون؛ 58 کەس لە فەرەنسا و 15 کەس لە بەریتانیا.
فەرەنسا گەرمترین رۆژی مێژووی خۆی بەڕێکرد و هەزاران قوتابخانە داخران
ئاژانسی نیشتمانیی کەشوهەوای فەرەنسا (Meteo France) رایگەیاند، پێنوێنی گشتیی پلەی گەرما لە رۆژی سێشەممەدا گەیشتە 29.8 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش تێکڕای پلەی گەرمای رۆژ و شەو لە 30 وێستگەدا دەگرێتەوە. ئەم ژمارەیە ریکۆردی مێژوویی پێشووی شکاند کە 29.4 پلەی سیلیزی بوو و لە 25ـی تەممووزی 2019 و 5ـی ئابی 2003ـدا تۆمارکرابوو.
حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، هەزار و 800 قوتابخانە بەهۆی گەرماوە داخران. زۆرێک لە قوتابخانەکانی دیکەش کاژێرەکانی خوێندنیان کەمکردەوە بۆ ئەوەی قوتابییان زوو بگەڕێنەوە ماڵەوە.
لە پاریس، تاوەری ئایفڵ و مۆزەخانەی لوڤەر، کە لە پڕسەردانترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهانن، رایانگەیاند، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە زووتر دەرگەکانیان دادەخەن. بەرپرسانی دوورگەی (مۆنت سانت میشێل)یش لە هەرێمی نۆرماندی لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسا، داوایان لە گەشتیاران کرد لە کاتی باری نائاسایی سووردا سەردانەکانیان دوابخەن.
بڕانی کارەبای بەرفراوان و مانگرتنی کارمەندان
رۆژی چوارشەممە 24-06-2026 بەرپرسان رایانگەیاند، گەرمای بەرز بووەتەهۆی بڕانی کارەبای نزیکەی 68,000 خێزان لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسا، کە ئەمە یەکەم بڕانی گەورەی کارەبایە لەم وەرزەدا.
بەرپرسانی ناوچەی کەناریی فینێستێر رایانگەیاند، کێشەکە بەهۆی گۆڕەرێکی تۆڕی کارەباوە بووە کە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە تووشی کێشە بووە، بەڵام هیچ کەسێک بەرنەکەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی (ستێلانتیس) کە ئۆتۆمبێلی جۆری جیپ بەرهەم دەهێنێت، لە نزیک شاری مۆلهۆسی فەرەنسا رایانگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخی کارکردن لەم گەرمایەدا، لە رۆژی سێشەممە تاوەکو یەکشەممە کارەکانیان زووتر کۆتایی پێدەهێنن.
لە بەلجیکاش، بەڕێوەبەرایەتیی ئاتۆمیۆم لە برۆکسل، کە مۆنیۆمێنتێکی مێژوویی دروستکراو لە پۆڵایە رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە تاوەکو هەینی دەرگەکانی زووتر دادەخات بۆ ئەوەی لە کاتی گەرمترین بەشی رۆژدا کار نەکەن.
هۆشدارییە تووندەکان لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا
ئیسپانیا: نزیکەی تەواوی ئیسپانیا لەژێر هۆشداریی گەرمادایە. ئاژانسی نیشتمانیی کەشوهەوای ئیسپانیا باری نائاسایی سووری لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری کۆردۆبا لە باشوور، شاری بیلباو لە باکوور و بەشەکانی هەرێمی کانتابریای باکوور راگەیاند.
ئیتاڵیا: وەزارەتی تەندروستیی ئیتاڵیا باری نائاسایی سووری بەهۆی شەپۆلی گەرماوە لە 15 شاری وڵاتەکە، لەنێویاندا میلان و رۆما راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ژمارەیە رۆژی چوارشەممە بۆ 16 شار بەرز دەبێتەوە.
پۆڵەندا: دەزگەی کەشوهەوای پۆڵەندا هۆشداریی تووندی گەرمای بۆ بەشی رۆژئاوای وڵاتەکە لە رۆژی پێنجشەممە تاوەکو شەممە دەرکرد و پێشبینی کردووە ریکۆردی 40.2 پلەی سیلیزی کە لە ساڵی 1921 تۆمارکراوە، بشکێندرێ.
کرواتیا و هەنگاریا: کەناراوەکانی دەریای ئەدریاتیکی کرواتیا بۆ رۆژانی هەینی و شەممە لەژێر باری نائاسایی سووردان. هەنگاریاش بڕیاریدا هۆشداریی گەرما بۆ بەرزترین ئاست لە 27 تاوەکو 30ـی حوزەیران بەرزبکاتەوە.
ئاماری خنکان و هاواری خاچی سوور
سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، لە 18ـی حوزەیرانەوە 40 کەس کە زۆربەیان گەنج بوون، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە لە فەرەنسا مەلەیان کردووە و خنکاون. لێکۆرنۆ رووداوەکەی بە "بەڵایەکی تراژیدی" وەسفکرد.
هاوکات دەسەڵاتدارانی بەلجیکا رایانگەیاند، رۆژی سێشەممە دوو گەنجی تەمەن 17 ساڵ لە دەریاچەیەکی دەستکرد لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە خنکاون.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور (IFRC) هۆشداری دا، دەکرێ گەرماکە ببێتە مردنی کەسە لاوازەکان [منداڵ و بەساڵاچووان].
ماری فریل، بەرپرسی باڵای سیاسەتی کەشوهەوا لە IFRC لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ رایگەیاند: "بۆ هەزاران کەس لە سەرانسەری ئەورووپا، بەرزیی پلەی گەرما، بەبێ گرتنەبەری رێوشوێن، دەکرێت بە خێرایی ببێتە پرسی ژیان و مردن."
.jpg&w=3840&q=75)


