رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران واشنتنی ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ باج و تێچوویەکی دڵنیایی (بیمە) بەسەر ئەو کەشتیانەدا ناسەپێنێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبن. ترەمپ هۆشداریدا و گوتی، "ئەگەر ئەمە زانیاریی درۆ بێت، دەستبەجێ دانوستاندنەکان کۆتاییان پێ دێت."
رۆژی چوارشەممە 24-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ رەخنەی لە راپۆرتە "ئاژاوەگێڕەکانی هەواڵە ساختەکان" گرت کە بە پێچەوانەی رێککەوتنەکە زانیاری بڵاودەکەنەوە و گوتی، بەپێی ئاگادارکردنەوەی فەرمیی تاران، هیچ جۆرە تێچوویەک لە کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز وەرناگیرێت.
سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە هیچ پارەیەکی راستەوخۆ رادەستی تاران کرابێت و رایگەیاند: "هیچ پارەیەک نەدراوە بە ئێران، یان لە پارەی خۆیان لە لایەن ئەمریکاوە بۆیان ئازاد نەکراوە."
ترەمپ گوتی، واشنتن بەشێک لە پارە سڕکراوەکانی ئێران، کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، ئازاد دەکات بۆ کڕینی خۆراک لە جووتیاران و ئاژەڵدارانی ئەمریکی. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕە پارانە بۆ کڕینی گەنمەشامی، گەنم، سۆیا و بەرهەمەکانی دیکە لە جووتیارە مەزنەکانی ئەمریکا تەرخان دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئێرانی بەهۆی نەبوونی پێداویستییەوە بە "پەرۆش" وەسفکرد و رایگەیاند: "ئێران بە پەرۆشەوە پێویستی بە خۆراکە، ئێمە بە تایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆیان دەکڕین."
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان، دوایین دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا بە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن کۆتاییهات و ئێستا گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوامن. ئێران و ئەمریکا 60 رۆژیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی. لەلایەکی دیکەش، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریداوە بۆ ماوەی 60 رۆژ سزا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی لابات.


.jpg&w=3840&q=75)
