رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی فینمارکی نەرویج سەربازانی هاوپەیمانیی ناتۆ بە بەشداریی سەربازانی سوێد راهێنان دەکەن کە تەنیا 500 کیلۆمەتر لە سنووری رووسیاوە دوورن.
رۆژ بە رۆژ ویستی وڵاتانی هاوپەیمانییەکە بۆ بەهێزکردنی سنووری رۆژهەڵاتیان بەرامبەر مۆسکۆ زیاد دەکات.
ئۆڵف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت: "ئەمڕۆ دەتوانم رایبگەیێنم کە ئەم بەیانییە حکومەت پلانێکی دایە هێزە چەکدارەکانی سوێد تاوەکو ئامادەکاری بکەن بۆ بەشداریی سوێد لە کەتیبەیەکی وشکانیی ناتۆ کە بڕیارە لە لاتیڤیا جێگیر بکرێن. شانازییەکی گەورەیە کە ئەو بڕیارەمان دا."
بە گوێرەی بەرپرسانی سوپای سوێد، وڵاتەکەیان 600 سەرباز بە چەندین جۆر چەک لەوانە تانکی لیۆپارد دەنێرێتە لاتیڤیا، ئەمە لە چوارچێوەی پلانی ناتۆیە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو سەربازی زیاتر لە وڵاتانی ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا بڵاوبکاتەوە.
بە گوێرەی بەرپرسانی وڵاتانی ناتۆ، ئەم کارە بۆ رێگریکردنە لە مەترسییەکانی رووسیا و بێلاڕووسی هاوپەیمانی.
ئیڤێکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتیڤیا دەڵێت، "شەڕانگێزییەکانی رووسیا دژی ئۆکراینا لە ساڵی 2022 بووە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ئەمنیی ئەورووپا. سوپاسی ئامادەیی سوێد بۆ بەشداریکردن لە بەرگریی هاوبەش دەکەین. بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئاسایشە هاوبەشەکەمان دەکەین و شانازیش بە هاتنی سەربازەکانتان بۆ لاتڤیا دەکەین."
پۆڵەندا داوای زیادکردنی هەوڵەکانی هاوپەیمانییەکەیان بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی مۆسکۆ لە جەنگی کیێڤ و زیادبوونی مەترسییەکانی ئەو وڵاتە بە ئاراستەی رۆژئاوای ئەورووپا دەکات.
رادێک سیکۆرسکیۆن، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەڵێت، "ئەمە لە بەرژەوەندیی پۆڵەندایە کە دەستدرێژیکارەکە لە سنوورەکانمان دووربخەینەوە. پێویستە ئاشتی بگەڕێتەوە ئەورووپا و ئۆکرایناش لە جەنگەکە براوەبێت. ئاسایشی پۆڵەندا پەیوەستە بە ناتۆوە کە ئەمریکا رۆڵی سەرەکی تێدا هەیە. ئامانجمانە هاوپەیمانییەکە بەردەوام بێت."
هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ لە 32 وڵات پێکدێت و پێنج ملیۆن و 817 هەزار سەربازیان هەیە. سێ ملیۆن و 500 هەزاریان چالاکن. خەرجیی ساڵانەی هاوپەیمانە سەربازییەکە یەک تریلیۆن دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ