سوپای سوودان: خەرتووممان کۆنترۆڵكرد

26-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 خەڵکی خەرتووم دڵخۆشی خۆیان بە کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن سوپای وڵاتەکە دەردەبڕن. وێنە: AFP
خەڵکی خەرتووم دڵخۆشی خۆیان بە کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن سوپای وڵاتەکە دەردەبڕن. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای نیشتمانیی سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری خەرتوومی پایتەختی سوودانی راگەیاند و دواتریش گەیشتە کۆشکی کۆماری لەو شارە و رایگەیاند شارەکە، "پاکبووەتەوە" لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی. 
 
رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، عەبدولفەتاح بورهان لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە کۆشکی کۆمارییەوە رایگەیاند "خەرتووم ئازادە و شەڕ کۆتایی هاتووە." 
 
دوای دوو ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سوپای سوودان رۆژی هەینی 21ـی ئادار، رایگەیاند، کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنترۆڵ کردووەتەوە. 
 
سوپای نیشتمانیی سوودان رایگەیاند ئێستا چەند شەڕوپێکدادانێک لە باشووری شاری خەرتووم ماون، کە دوا پێگەی هێزەکانی پشتیوانی خێرایە. 
 
نەبیل عەبدوڵڵا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سوودانی راگەیاند "هێزەکانمان توانیوویانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی خەرتوومیان کۆنترۆلکردووە." ئەمەش لەدوای ئەوەی دوو ساڵ لە‌ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوو. 
 
لە نیسانی 2023ـەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستییان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیی سوودان دا گرتووە. 
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لە نێوەڕاستی خەرتووم کە کۆشکی سەرۆکایەتیی سوودان، وەزارەتەکان و چەندین ناوچەی بازرگانی تێدایە بووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی سەختی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا. 
 
هەفتەی رابردوو، سوپای سوودان رایگەیاند، هێزەکانی لە باکوور و باشووری خەرتووم یەکیان گرتووە و هێزەکانی پشتیوانی خێرایان گەمارۆ داوە. 
 
سوودان لە ئابی 2019ـەوە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری تێکەڵ لە سەرکردەی سڤیل و سەربازییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە 15ـی نیسانی 2023ـەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی دەستیپێکرد، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
 
لەماوەی هەفتەی رابردوودا، لەدوای کۆنترۆڵکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی، سوپای سوودان پێشڕەوییەکانی لەنێو پایتەخت خێرا بووە و توانیوویانە بەشێکی زۆری شارەکە کۆنترۆڵ بکەنەوە. 
 
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ جەنگی دوو ساڵەی نێوخۆی سوودان بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 28 هەزار کەس، لەگەڵ ئاوارەبوونی زیاتر لە 15 ملیۆن کەس و نزیکەی 25 ملیۆن سوودانیش پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە