نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ ژمارەی هاوسەرگیریکردن لە چین نیو ملیۆن کەمتر بووە لە ساڵی پێشوو

دوێنێ کاژێر 03:03
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
کچ و کوڕێکی چینی لەکاتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان. وێنە: رووداو
کچ و کوڕێکی چینی لەکاتی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - چین

بووک و زاوایەکی چینی دوای ئەوەی بڕیاریاندا ژیانی هاوبەش پێکبهێنن، بە شێوەیەکی نامۆ و کەمتر بینراو دەرکەوتن و بە جلی رەشەوە چوونە نێو ژیانی هاوژینییەوە.
 
یانگ چۆنگ، بووک دەڵێت، "لەو رۆژەی کە جلوبەرگەکانم هەڵبژارد، جلێکی رەشم هەڵبژارد، چەندین ستایلی جیاوازم تاقیکردەوە. هەروەها چەندین جلی بووکێنیی سپیم تاقیکردنەوە، دەمەوێت رەنگ و شێوازی جلوبەرگی جیاواز تاقی بکەمەوە، جلی رەشیش وا دەکات باریکتر دەربکەوم."
 
لە چین دیاردەی درەنگ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی سەریهەڵداوە؛ ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا تەنیا 3.4 ملیۆن کەس ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، کە نیو ملیۆن کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
 
ژاو یی جی، کارخواز دەڵێت، "بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەوە، دۆزینەوەی کار ئەستەمە. هەروەها ژیانی هاوژینی پێویستی بە ئۆتۆمبێل و خانوو و مارەییە، بۆیە گوشارەکان لەسەر تاکەکان زۆرن و رێگرن لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی."
 
ژاو دان نینگ، بووک دەڵێت، "زیاتر لە 7 ساڵە پێکەوەین، چاوەڕوانییەکی زۆرمان بۆ ئەم رۆژە هەیە. بەڕاستی ئێمە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی دەکەین. پێموایە کە پەیوەندیی نێوان دوو کەس سرووشتی و باش بێت، هاوژینی کێشەی نابێت و بەڕاستی من ئامادەم هاوسەرگیری لەگەڵی بکەم."
 
بووکێکی دیکەی چینی دەڵێت، "زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ هەڵدەبژێرم بۆ تۆمارکردنی هاوسەرگیری. رۆژێکی زۆر جوان و تایبەتە. تەنیا لە ماوەی پێنج خولەکدا بڕوانامەی هاوسەرگیریمان وەرگرت. هێشتا زۆر پەرۆش و سەرلێشێواوم و گەشتێکمان هەر بۆ ئەمڕۆ ئامادە کردووە. ئێمە دەچینە شانتۆی چین، فڕۆکەکەشمان لە پاشنیوەڕۆدا دەفڕێت."
 
لە بەرامبەر کەمبوونی پێکهێنانی هاوژینی و هەروەها کەمیی منداڵبوون، حکومەتی چین چەند رێکارێکی خێرای گرتووەتەبەر. ئێستا ئەوەی بەڵگەنامەی هاوژینیی هەبێت، دەیان هاندانی دارایی وەکو زیاتربوونی مووچە و زیاترکردنی مۆڵەتی دایکایەتی وەردەگرێت. لە هەندێک هەرێم تەنانەت سولفەی کڕینی خانوو و مووچەی مانگانەش دەگرێتەوە.
 
لی مێنگ مێنگ، مامۆستای بیرکاری لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی باس لەوە دەکات، "هاوسەرگیری کارێکی زۆر باشە! لەگەڵ هاوژینەکەم هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەین پێکەوە، بۆیە پەلە بکەن و ناوتان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی هاوسەرگیریتان! زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ هاوسەرکەم مارە کردووە!"
 
چای لی (cái li) یان مارەیی، کە لەنێوان 10 بۆ 30 هەزار دۆلارە و تێچووی ئاهەنگگێڕان، بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی چینییەکان درەنگتر بیر لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی بکەنەوە.
 
سەرقاڵیی ژیان و قورسیی باری گوزەران و بواری ئابووری لە چین، وایان کردووە کە ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی پیکهێنانی ژیانی هاوژینی لە کەمبوونەوەدا بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە