جیهان
فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی لە ئاسمانی وڵاتەکە بەرپەرچی مووشەک و درۆنەکانی حیزبوڵڵا دەداتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رایگەیاند بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ بەگری لەخۆکردن، جۆ بایدنیش داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدابن.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-08-2024) شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل بۆسەر یەکدی رایگەیاند "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆکردن."
ساڤێت ئەوەشی باسکرد؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندیدابن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حیزبوڵڵای لوبنانی "لە تۆڵەی کوژرانی فوئاد شوکر" هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند "320 مووشەکی کاتیوشامان تەقاندووە."
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دوای هێرشەکە باری لەناکاوی بۆ ماوەی 48 کاژێر لە تەواوی وڵاتەکە راگەیاند، گوتیشی "بە تووندی وەڵامی حیزبوڵڵا دەدەینەوە."
گوتەبێژی ئەنجوومەنەکەی ئەمریکا رایگەیاند "بە رێنمایی سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا بە بەردەوامی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانیان لە پەیوەندیدا دەبن."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە بڵاویکردەوە "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کرد."
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند "وەزیر ئۆستن پابەندیی پۆڵایینی ئەمریکای بۆ بەرگریی ئیسرائیل، لە دژی هێرشی ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی دووپاتکردەوە."
رۆژی 30-06-2024 فوئاد شوکر، کەسی بەهێز و دووەمی نێو حیزبوڵڵا، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ