نێچیرڤان بارزانی لە ئەڵمانیایە

26-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەرلین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 26-06-2023 لە ئەڵمانیا لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
 
گرنگترین ئەو بابەتانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا تاوتوێی دەکات، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەرلینە لە بواری سەربازی و مرۆییدا.
 
ماکس لوکس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا دەڵێت، "ئەو دیدارە لەڕادەبەدەر گرنگە و دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان - عێراق بۆ ئەڵمانیا یەکێکە لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ناوچەکە، چ لەڕووی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە و لەڕووی بەها هاوبەشەکانمانەوە."
 
نزیکەی سێ مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و کەلێنی نێوان هەولێر و بەغدای زیاترکردووە.
 
ئەڵمانیاش کە بەهێزیی هەرێمی کوردستان بە کلیلی سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی عێراق دەزانێت، خواستی وایە هەتا زووە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە و جیاوازییەکانی دیکەی هەولێر و بەغدا بدۆزێتەوە.
 
ئەنگێشکا بروگەر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، "پێزانینێکی زۆر هەیە بۆئەوەی راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا، تایبەت ئەو کاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ بە مانای ئەوەی ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکان و گفتوگۆکردن، کە گرنگی بە دۆخی شوێنەکە دەدرێت. خەڵک هێشتا پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتییە و بە دڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی لەڕادەبەدەر گرنگە، کە هەموومان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەکەین و دڵخۆشین بەو سەردانە."
 
ئەڵمانیا کە لە سەرهەڵدانی داعشەوە هاوکارێکی گرنگی هێزی پێشمەرگە بووە و 2.4 ملیار یۆرۆی پێشکێشی ئاوارەکانی دەستی داعش کردووە؛ لە نزیکەوە چاودێری هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی جموجۆڵەکانی داعش دەکات و ئێستا نیگەرانی سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوەیە.
 
یۆرگن تریتن، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەوزەکان رایدەگەیێنێت، "پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ یەکدی یەکلایی بکەنەوە، چونکە روونە کە ئێمە نامانەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بخەینە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن و فۆڕمی بەشداریکردنی حوکمڕانی بەگشتی سەرکەوتوو نەبێت؛ ئەوە دەبێتە هۆی دووبارە بووژانەوەی داعش. لەلایەکی دیکەوە دەبینین لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە نییە، بۆیە پێکەوە کار دەکەین و پەیوەندییەکی بەهێزمان هەیە."
 
دۆخ و ژیانی کوردانی ئێزدی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، مژارێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا. دەیانەوێت بە هاوکاریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێگەچارەی نوێ بۆ زیاتر گرنگیدان بەو پێکهاتەیە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بدۆزنەوە.
 
کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا کاژێر 10:00 بە کاتی هەولێر لەگەڵ سێڤنیا شولزە، وەزیری وەزارەتی فیدراڵی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی ئابووری کۆدەبێتەوە، دواتریش لە کاژێر 11:00 بە کاتی هەولێر لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی کۆدەبێتەوە، گرنگترین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لووتکە کاژێر 05:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەبێت. کریستیان هۆفمان، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، "ئولاف شوڵتز و نێچیرڤان بارزانی باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا دەکەن و پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش تاوتوێ دەکەن."
 
پرسی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و مەشقپێکردنیان تاووتوێ دەکات، هەروەها پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی نێوان بەرلین و هەولێریش تاووتوێ دەکەن.
 
کۆی ژمارەی ئەو سەرباز و راوێژکارە ئەڵمانییانەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەریکی راهێنانن دەگاتە 200 سەرباز و  لەو ژمارەیە 150 کەسیان لە هەرێمی کوردستان جێگیربوون و لە راهێنانی پێشمەرگە بەردەوامن. 
 
مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا
 
پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیادا هەیە. ئەڵمانیا لە کاتی شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتی گەورەی هەرێمی کوردستانی کرد. بۆ نموونە، چەکی میلان یەکێک لەو چەکە کاریگەرانە بوو ئەڵمانیا رادەستی پێشمەرگەی کرد بۆ تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش. هەروەها ئەڵمانیا دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بە ئاراستەی باشووری کوردستان لە هاوینی 2014دا راوێژکاری سەربازی ناردە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ساڵی 2016 نزیکەی 160 راوێژکاری سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بوون. 
 
دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و زیادبوونی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە یەکێک لەو وڵاتانەی پاڵپشتیکاری گەورەی هەرێمی کوردستان بوو، ئەڵمانیا بوو. رۆژی 18-12-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەو کاتی ئەڵمانیا کۆبووەوە. هەمان رۆژ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەڵمانیا کۆبووەوە. سەفین دزەیی، گوتەبێژی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە کرایەوە، پێویستە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێز بکرێت و هەوڵ بدرێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە رێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.
 
لە ساڵی 2014وە ئەڵمانیا رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعشدا دەگێڕێت و هاوکاریی سەربازیی پێشکێشی پێشمەرگە کردووە، هەروەها ژمارەیەک راوێژکاری سەربازیشی لە هەرێمی کوردستان هەن.
 
لە 9ی ئاداری 2021یش، وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی هۆلڤار کۆنکل، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێککەوتنی هاوبەشیان بۆ زیادکردنی تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئامادەکاری بۆ راهێنانی سەربازی واژۆکرد.
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، لە نێویاندا لە پرۆسەی چاکسازیدا.
 
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 29-10-2020 بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کانوونی دووەمی 2022 داو و هەروەها ژمارەی سەربازەکانی لە 800 سەربازەوە بۆ 700 سەرباز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمکردنەوە. 
 
 ئەڵمانیا لە ساڵی 2009ەوە کۆنسوڵخانەی لە هەولێر کردووەتەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ەوە نوێنەرایەتی لە ئەڵمانیا هەیە. 
 
تاوەکو ئێستا چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کراوە، لە ساڵی 2009 سەرۆک بارزانی لە بەرلین لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەل ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە، هەروەها لە ساڵی 2017، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێشتا هەرێمی کوردستان گەمارۆی دیپلۆماسی لەسەربوو، نێچیرڤان بارزانی چووە بەرلین و لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ و بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.