رووداو دیجیتاڵ
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر گەیشتە عومان بۆ ئامادەکاریى گفتوگۆکانی نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز.
رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026 دیپلۆماتکارێکی ئاگادار رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی مەسقەتی پایتەختى عومان کردووە تاوەکو بناخەی گفتوگۆیەکی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتیى کارکردنی تەنگەی هورمز دابنێت.
بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵیی نێوان ئەمریکا و ئێران، دەبێت هەریەک لە ئێران و عومان، کە دەکەونە سەر تەنگەی هورمز، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو کۆببنەوە بۆ "دیاریکردنی شێوازێکی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان" لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا.
تەنگەی هورمز کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شوباتدا، لە لایەن تارانەوە داخرابوو.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی کەنداو پێداگری لەسەر "ئازادیی گەشتیی دەریایی" و وەرنەگرتنی هیچ باج و رسووماتێک دەکەن؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت ئێران داوای جۆرێک لە باجی "پاراستنی ژینگە و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان" بکات لەو کەشتییانەی بە نێو تەنگەکەدا تێدەپەڕن.
جگە لە پرسی تەنگەکە، پێشبینی دەکرێت لوتکەیەکی دیکە لە ریازی پایتەختی سعودیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئێران و وڵاتانی کەنداو بەڕێوەبچێت. ئێچ ئەی هێڵیەر، شارەزا لە پەیمانگەی (رۆیاڵ یونایتد سێرڤیسز) دەڵێت: "ئەم گفتوگۆیانە تەنیا هەڵسەنگاندنەوەی ئێران نین، بەڵکو رەنگدانەوەی چاوەڕوانییەکانى ئەمریکان لە وڵاتانى کەنداو." هێڵیەر ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی کەنداو بەدوای رێگەچارەیەکی جێگیردا دەگەڕێن.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن کە جەنگی ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی قورس کردەوە. تاران کە وەک کارتێکی گوشار تەنگەی هورمزی داخستبوو، ئێستا بەپێی یاداشتنامەی ئیسلامئاباد رازی بووە رێڕەوەکە بکاتەوە تاوەکو ملیاران دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی بۆ ئازاد بکرێت.
ئاژانسی هەواڵی عومان رایگەیاند، شێخ محەممەد لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق کۆبووەتەوە و دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.


