ئەرجەنتین داوای دەستگیرکردنی وەزیری ناوخۆی ئێران دەکات

24-04-2024
فریا یونسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین داوای دەستگیرکردنی ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە ئینتەرپوول دەکات. ئینتەرپوولیش هۆشداریی سووری راگەیاند.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین دەڵێت، داوای لە ئینتەرپوول کردووە لە سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ پاکستان و سریلانکا، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە تۆمەتی بەشداری لە "تەقینەوەیەکی تیرۆریستی" لە وڵاتەکەیدا دەستگیر بکات. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران تۆمەتبارە بەوەی 30 ساڵ پێش ئێستا دەستی لە تەقینەوەی ناوەندی جووەکانی بۆینس ئایرێس هەبووە کە بووە هۆی کوژرانی 85 کەس.
 
ئەحمەد وەحیدی لەم کاتەدا بە سەردانێک لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی لە سریلانکان. پێش ئەم سەردانە، چووبوونە پاکستان. ئەرجەنتین داوای لەو دوو وڵاتە کردووە وەزیری ناوخۆی ئێران رادەستی ئینتەرپوول بکەن، بەڵام لە دیمەنی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئەو دوو وڵاتە، ئەحمەد وەحیدی دیار نییە و پاکستان و سریلانکا، کاردانەوەیان بۆ ئەو داواکارییەی ئەرجەنتین نەبووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین ئاماژەی بەوە کردووە ئینتەرپوول لەسەر دەستگیرکردنی وەزیری ناوخۆی ئێران، هۆشداریی سووری راگەیاندووە بۆ دەستگیرکردنی خێرای "تاوانباران"ی داواکراو.
 
ساڵی 1994 لە ناوەندی جووەکانی بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین بە ناوی "ئامیا"، تەقینەوەیەک روویدا و بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی 300 کەسی دیکەش. 
 
دادگەی فەرمیی ئەرجەنتین، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە دەرکردنی فەرمانی ئەو تەقینەوەیە و ماوەی 30 ساڵە ئەو دۆسیە لە دادگەی ئەو وڵاتە بە کراوەیی ماوەتەوە. 
 
لە دۆسیەکەدا شەش کەس لە بەرپرسانی باڵای ئێران بە "تاوانبار" ناسراون، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆککۆماری ئەوکات، عەلی ئەکبەر وەلایەتی، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، عەلی فەلاحیان، وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکات، موحسن رەزایی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئەوکات و ئەحمەد وەحیدی، جێگری ئەوکاتی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران. 
 
لە دۆسیەی دادگەی ئەرجەنتین باس لەوە کراوە بەڵگەکان سەلمێنەری ئەوەن، فەرماندەی سوپای پاسداران فەرمانی تەقینەوەکەی دەرکردووە و ئەحمەد وەحیدی و عیماد موغنیە جێبەجێیان کردووە.
 
پێشتریش حکومەتی ئەرجەنتین لە سەردەمی سەرۆککۆماریی مەحموود ئەحمەدی نژاد، داوای دەستگیرکردنی ئەحمەد وەحیدی لە پۆلیسی نێودەوڵەتیی کردبوو و، ئەو رێکخراوەش راگەیاندنی سووری لەوبارەوە بڵاوکردبووەوە کە تایبەتە بە دەستگیرکردنی خێرای داواکراوان لە هەر وڵاتێک بن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: AFP

پووتین: لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان، وەڵامێکی گونجاومان دەبێت

سەرۆکی رووسیا دەڵێت، لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگ، وەڵامی گونجاویان دەبێت. هەروەها لەبارەی بەکارهێنانی مووشەکی دوورمەودا لەلایەن ئۆکرایناوە دەڵێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەنگ نابێت.