رووداو دیجیتاڵ
سوزی وایڵز، بەڕێوەبەری کارمەندانی کۆشکی سپی چاکبوونەوەی تەواوەتیی خۆی لە نەخۆشیی شێرپەنجە راگەیاند، ئەوەش دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی.
وایڵزی تەمەن 69 ساڵ، کە نازناوی "خانمی سەهۆڵین"ـی لێنراوە، لە ئاداری ئەمساڵدا تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک و دەستپێکردنی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ئاشکرا کردبوو.
بەڕێوەبەری کارمەندانی کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەنجامی ئەو پشکنینانەی ئەم هەفتەیە پێمگەیشتن دەریانخستووە کە بە تەواوی لە هەر نیشانەیەکی نەخۆشییەکە پاکم. من لە شێرپەنجە چاکبوومەتەوە."
وایڵز سوپاسی ئەندامانی خێزانەکەی، هاوڕێکانی و پزیشکەکانی کرد، هەروەها "سوپاسێکی تایبەت"ـی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ "پشتیوانییە بەردەوامەکەی" و گوتیشی: "هەست بە پێزانین دەکەم و بەردەوام دەبم لە کارکردن لەپێناو پێشخستنی کارنامەی 'ئەمریکا لەپێشینەیە' کە سەرۆک باوەڕی پێیەتی."
سوزی وایڵز یەکەمین ژنە لە مێژووی ئەمریکادا کە پۆستی بەڕێوەبەری کارمەندانی کۆشکی سپی وەربگرێت، هاوکات لە پشت پەردەوە رۆڵێکی دیار و کاریگەری لە بەڕێوەبردنی زۆربەی دۆسیەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا هەیە.


