رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو لە 24ـی ئەیلوول، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی میوانداری لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکات. لە واشنتن ئامادەکارییەکی گەورە و پێشوازییەکی فەرمی کراوە، بەڵام شارەزایان پێشبینیی رێککەوتنی گەورە لە نێوان هەردوو سەرکردەکەدا ناکەن.
ترەمپ پێش کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو: "نزیکەی لەسەر هەموو شتێک گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەم."
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە چین؟
1.کێبڕکێی ژیریی دەستکرد: هەردوو وڵات لە کێبڕکێیەکی توونددان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم تەکنەلۆجیایە. لە کاتێکدا هۆشداریی زۆر هەیە لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بۆ سەر مرۆڤایەتی، بەڵام زەحمەتە واشنتن و پەکین لەسەر خاوکردنەوەی پەرەپێدانی رێکبکەون، چونکە هەردوولا ترسیان هەیە لەوی دیکە پاشبکەون.
2.جەنگی ئێران: پرسی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئێران و هەوڵی پەکین بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا تەوەرێکی دیکە دەبێت؛ سەرەڕای ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن چین زانیاریی بە ئێران داوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام ترەمپ لە بایەخی بابەتەکەی کەمکردەوە و گوتی: "ئێمەش سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەین."
3.جەنگی بازرگانی: هەردوو ئابوورییە زلهێزەکەی جیهان بە دوای کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەو باجە گومرگییە قورسانەدا دەگەڕێن کە بەسەر کاڵاکانی یەکدیدا سەپاندوویانە.
4.پرسی تایوان: گرنگترین و هەستیارترین خاڵی ناکۆکییە، چونکە تایوان ناوەندی سەرەکیی دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنییە لە جیهاندا و چین بە خاکی خۆی دەزانێت.
بۆچی چاوەڕوانییەکان کەمن؟
پسپۆڕان پێیانوایە ئەم کۆبوونەوەیە بە دەستکەوتی گەورە کۆتایی نایەت، بەڵکو تەنیا بۆ پاراستنی ئارامییە.
جۆساتان تزین لە پەیمانگەی برووکینگز بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "چاوەڕێی ئەنجامێکی ئەوتۆ لەم کۆبوونەوەیە ناکەم؛ لە زۆر رووەوە، ئەمە تەنیا دووبارەکردنەوەی سەردانەکەی چوار مانگ لەمەوبەری ترەمپە بۆ پەکین."
کێرت کامبڵ، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: "ئەمە کەمتر لووتکەیە و زیاتر نمایشێکی سیاسییە بۆ رای گشتی."
ئامادەکارییە تایبەتەکانی کۆشکی سپی
ترەمپ حەزی لە نمایش و شکۆمەندییە، بۆیە فەرمانی کردووە پلاتفۆرمێکی نوێی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر لە باخچەی کۆشکی سپی دروستبکرێت تا لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکی چیندا ئامادە بێت. سەربازانیش بە جلوبەرگی فەرمییەوە رۆژانە مەشق دەکەن بۆ رێوڕەسمی پێشوازییەکە.
تاکە نیگەرانیی ترەمپ ئەوەیە کە هۆڵە گەورەکەی کۆشکی سپی، کە بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار دروستی دەکات، تاوەکو ئەو کاتە تەواو نابێت تا پێشبڕکێی هۆڵە گەورەکەی پەکینی پێبکات.
هەنگاوی دواتر چی دەبێت؟
پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم دیدارەدا راستییەکە ئەوە بێت کە تەنیا رێکبکەون لەسەر کۆبوونەوەی زیاتر لە داهاتوودا؛ لەوانەش دیداری لووتکەی "ئاپێک" لە مانگی تشرینی دووەم لە چین، هەروەها بانگهێشتکردنی سەرۆکی چین لەلایەن ترەمپەوە بۆ لووتکەی گرووپی 20 لە کانوونی یەکەم لە میامی.


