جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا رەخنەی تووند لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی سنوورەکانی ئەمریکای لەگەڵ مەکسیک کردووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات.
لە نوێترین هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا لە شاری فیلادیلفیا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بایدن لە بابەتی کۆچبەراندا کەسێکی لاوازە.
ترەمپ گوتی: "کەمتر لە چوار ساڵ لەمەوپێش، ئێمە خاوەن وڵاتێکی نایاب بووین؛ بەم زووانەش بەو جۆرەمان لێ دێتەوە".
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەڵێنی دا کە سیاسەتێکی تووندی بەرامبەر کۆچبەران دەبێت و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەش یەکێک دەبێت لە کارە لەپێشینەوەکانی، ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
ترەمپ گوتی: "لە رابردوودا سەلامەتترین سنوورمان هەبوو، بەڵام ئێستا ناسەلامەتترین سنوورمان لە جیهاندا هەیە. کاتێک گەڕامەوە کۆشکی سپی، هەموو ئەو تاوان و وێرانکارییە رادەگرم کە لە گەڕەک، شارۆچکە و شارەکانی ئەمریکادا هەیە".
ترەمپ هۆشداری دەدات لە هەڵبژاردنەوەی بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت: "دۆخەکە خراپتر دەبێت، بەڵام من ژمارەیەکی زۆری پۆلیسی فیدراڵی تەرخان دەکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی پرسی کۆچبەران. لە یەکەم رۆژدا دەستدەکەین بە گەورەترین پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمریکادا. جگە لەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە".
ترەمپ، بایدنی تۆمەتبار کرد بەوەی چاوپۆشی لە تاوانی نێو شارەکانی ئەمریکا دەکات و ئەو کێشەیەی بە "تاوانی کۆچبەرانی بایدن" ناوبرد، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بە بەرزبوونەوەی تاوانی نێو شارەکانی ئەمریکا لەلایەن کۆچبەرانی نایاسایی و پەناخوازانەوە.
ترمپ باسی لە ژنێکی 37 ساڵانی ئەمریکی لە لۆسەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەناوی رەیچڵ مۆرین کرد کە لەلایەن کۆچبەرێکی نایاسایی خەڵکی سەلڤادۆرەوە کوژراوە.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستی گەیشتوون، کۆچبەرەکە لە وڵاتەکەی خۆی کەسێکی کوشتووە و دواتر بۆ ئەمریکا هەڵهاتووە و گوتی: "دوای ئەوەی کەسێکی کوشتووە، هەڵهاتووە و بەهۆی کرانەوەی سنوورەکان لەلایەن بایدنەوە بە ئاسانی هاتووەتە نێو ئەمریکا".
پرسی کۆچبەران بووەتە بابەتێکی گەرمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ساڵی رابردوو دوو ملیۆن و 400 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە مەکسیکەوە چووبوونە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ