رووداو دیجیتاڵ
عەلی دەستڕەنگین لە مەیدانێکی ئاژەڵی کاراچیی پاکستان، خەریکی رازاندنەوەی پێستی حوشترێکە کە بۆ قوربانی ئامادەکراوە. بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش، نەخشی جۆراوجۆری لەسەر دروستدەکات و لە هەندێک جێگەشدا مووەکەی بە خەنە رەنگ دەکات.
عەلی حەسەن، دەلاکی حوشترە و دەڵێت، "من ئەو حوشترانەی بۆ قوربانی دانراون دەڕازێنمەوە. ئەمە کار و سەرچاوەی بژێویم بووە لە منداڵیمەوە."
زیاتر لە 96٪ـی دانیشتووانی پاکستان موسڵمانن، ساڵانە لە جەژنی قورباندا ئاهەنگدەگێڕن و قوربانی دەکەن.
بە گوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی پاکستان، جەژنی قوربانی پار لەو وڵاتە 300 هەزار مانگا، 400 هەزار بزن، 1 ملیۆن مەڕ و 100 هەزار حوشتر کراونەتە قوربانی.
عەلی حەسەن دەڵێت، "ئەمە سوودی بۆ پەیداکردنی پارەی زیاتر لە حوشترەکەوە هەیە و ئاژەڵەکەش جوان دەکات، هەروەها خاوەنەکەی زیاتر دڵی پێی خۆش دەبێت."
جەژنی قوربان بۆنەیەکی ئیسلامییە و ساڵانە لە رۆژی دەیەمی کۆتا مانگی رۆژمێری هیجری لەلایەن موسڵمانانەوە یاددەکرێتەوە و قوربانی تێدا دەکرێت.
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئیسلام، نەریتەکە بۆ ناردنەخوارەوەی بەرانێک دەگەڕێتەوە لەلایەن خوداوە بۆ ئیبراهیمی پەیامبەر، تاوەکو لە جیاتی ئیسماعیلی کوڕی بیکاتە قوربانی.

.jpg&w=3840&q=75)
