رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دڵنیایی دەداتە وڵاتانی کەنداو کە واشنتن لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەپارێزێت.
رۆبیۆ گەشتێکی بۆ وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووە، ئەمەش بە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی ئەو وڵاتانەی کە لە ماوەی جەنگەکەدا بە مووشەک و درۆنەکانی ئێرانەوە کرابوونە ئامانج و بەهۆی گەمارۆی تەنگەی هورمزیشەوە، هەناردەی نەوت و گازیان پەکیکەوتبوو.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2026، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کوێتەوە رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کەنداو هاوئاهەنگ دەبین. لەبارەی هەر بڕیارێک کە لەو دانوستاندنانەدا بدرێت، راوێژیان پێدەکەین."
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە روبیۆ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە بەحرێن بەشدار بێت.
تاران: رێککەوتنەکە "شکستی ئەمریکا" بوو
لەکاتێکدا واشنتن هەوڵی رێککەوتنێکی درێژخایەن دەدات، تاران ئەنجامی گفتوگۆ سەرەتاییەکان بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت. محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و دانوستاندنکاری باڵای ئەو وڵاتە، رایگەیاند، رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد "راگەیاندنی شکستی ئەمریکا بوو."
کێشەی تەنگەی هورمز و "باجی تێپەڕبوون"
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکان، پرسی تەنگەی هورمزە. روبیۆ جەختی کردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک. لە بەرامبەردا، ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی تەنگەکە لای خۆی و عومان بێت و "باجی خزمەتگوزاریی دەریایی" لە کەشتییەکان وەربگرێت.
لەم نێوەندەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، ئێران بەڵێنی پێداون هیچ باج و تێچوویەکی دڵنیایی لە کەشتییەکان وەرنەگرێت، بەڵام هێشتا روون نییە ئەم بەڵێنە بۆ دوای ماوەی 60 رۆژی گفتوگۆکانیش بەردەوام دەبێت یاخود نا.
گرێدراوی جەنگی لوبنان
ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئاگربەست لە لوبنان بەشێکی سەرەکییە لە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا. قالیباف گوتی: "ئاگربەست لە لوبنان هێندەی ئاگربەست لە ئێران بۆ ئێمە گرنگە."
سەرڕای کەمبوونەوەی گرژییەکان، ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە لە باشووری لوبنان بکشێتەوە. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە ناکشێینەوە و تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی ئەمریکیش نییە بۆ کشانەوەمان لە لوبنان."
.jpg&w=3840&q=75)

