رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، پاشماوەی هێرشێکی درۆنییە بۆسەر شاری کیێڤ، دوای خستنەخوارەوەی دەیان درۆن کە شەوی رابردوو بە ئاسمانی شارەکە دا بارین، چەندین باڵەخانە زیانیان بەرکەوت و چوار کەس بریندار بوون.
شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک، نزیک بوو لە باخچەی ساوایانی کچە تەمەن چوار ساڵانەکەی دێنیس.
دێنیس گالاکا، دانیشتووی کیێڤە و لەبارەی ساتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە باس لەوە دەکات، "ئێمە لەم دەوروبەرە خەریکی پیاسەکردن بووین، تەنیا ویستم بەیانییەکی رۆژی شەممەی خۆشمان هەبێت. بەڵام لەناکاو بینیم 50 مەتر سەرووتر لە باخچەی ساوایان باڵەخانەیەک بەهۆی کەوتنەخوارەی درۆنی رووسی زیانی بەرکەوتووە. بێگومان پێم وایە رووسیا دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئێمە بوەستێ ئەمە زۆر سادەیە. هیچ هۆکارێک نییە، بۆچی دەبێ ئەمە رووبدات."
دوای گفتوگۆیەکی زۆر سەرۆکی ئۆکراینا و رووسیا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ژێرخانەکانی وزەی یەکدی نەکەنە ئامانج، بەڵام هێرشەکانی هەردوو وڵات بەردەوامن، شەوی رابردوو 217 درۆن ئاراستەی ئۆکراینا و 47 درۆن ئاراستەی رووسیا کراوە. زیانە مادییەکانی هەردوولا زۆر بوون.
ئۆلێگ، سەربازی ئۆکراینییە و لەبارەی رێککەوتنی رووسیا و ئۆکرایناوە دەڵێت، "من پێم وانییە ئەم رێککەوتنە سەر بگرێت، چونکە لایەنی بەرامبەر لەم کاتەدا ئاشتی ناوێت. بە گشتی سەرۆک ترەمپ و سەرۆکەکەی دیکە کە من نامەوێت ناوی بێنم، دەتوانم بڵێم ئێمە بە جیدی وەریان ناگرین."
لە ناوچە سنوورییەکان و بەرەی پێشەوە دۆخی شەڕ وەک خۆیەتی و رۆژانە کوژار و بریندار هەن.
میخایل سامووس، شرۆڤەکاری سەربازییە و دەڵێت، "پرۆسەی سیاسی و گفتوگۆ کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی جەنگ هەیە. پووتین هەوڵدەدات هەڵوێستێکی بەهێز نیشانبدات، لە بەرامبەردا هێزەکانی ئۆکراینا ماندوو بوون و لە هەندێک شوێنی بەرەکانی پێشەوە ژمارەیان کەمبووەتەوە، لە هەندێک شوێن هەوڵدەدەن هێرشی پێچەوانە بکەن، بۆ نموونە لە بۆکروسفک. ئەگەر سەیری نەخشەکە بکەیت هەندێک خاکیان بەدەستهێناوەتەوە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لەڕووی تاکتیکییەوە گرنگن."
بڕیارە رۆژی 24ـی مانگ گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە نێوان ئەمریکا و ئۆکراینا لە سعودیە و دواتر لەگەڵ رووسیا دەستپێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ