رووداو دیجیتاڵ
گەردوون پڕە لەو شتانەی کە هێشتا کەمێکیان لەبارەوە دەزانین، کونی رەش یەکێکە لەوان. لەم رۆژانەدا، لە رێگەی تەلەسکۆپێکی سەر زەوییەوە سەرنجی "رووناکترین و برسیترین" کونی رەش لە گەردوون درا.
تەلەسکۆپی (Very Large Telescope) کە لە وڵاتی چیلی لە ئەرکدایە، سەرنجی کونە رەشەکەی داوە.
کونە رەشەکە ناوی J0529-4351ی لێنراوە و هێندە دوورە لە زەوییەکەمانەوە کە رووناکییەکەی 12 ملیار ساڵی پێچووە تاوەکو گەیشتووەتە چاوی ئێمە.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان، رووناکییەکەی هێندە بەهێزە، وەکو ئەوە وایە 500 ترلیۆن خۆر لە یەک جێگەدا کۆببنەوە؛ ئاستی هەڵڵوشینی ئەستێرەکانی دەوروبەریشی وا شیکار کراوە، کە رۆژانە توانای قووتدانی خۆرێکی وەکو ئەمەی خۆمانی هەبێ.
باشە، کونی رەش چییە؟
لە سادەترین پێناسەیدا، هەر کونێکی رەش ناوچەیەکی گەردوونیە و هەمیشە لە فراوانبوونی بەردەوامدایە؛ تێیدا رێژەی کێشکردن ئەوەندە بەهێزە کە هیچ شتێک، تەنانەت رووناکی و شەپۆلە ئەلکترۆنیە وردەکانیش، بەشی پێویست وزەیان پێ نییە تاوەکو لێی دەرباز ببن.
سنووری کونی رەش بگاتە هەر شتێک قووتی دەدات و بچووکی دەکاتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بگاتە هەسارەیەکی وەکو زەوی، وا دەیگووشێت کە قەبارەی تۆپێکی پێی لێ بمێنێتەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنی گەردوونناسانی دامەزراوەی سکوڵی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە باڵاکان (SISSA)، 40 ترلیۆن کونی رەش لەنێو گەردووندا هەن.
نزیکترین کونی رەش لە زەوییەوە بە (Unicorn) ناونراوە و 1,500 ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورە؛ یەک ساڵی رووناکی یەکسانە بەوەی بە خێرایی تیشکی خۆر 9 ترلیۆن کیلۆمەتر ببڕیت.
توێژینەوە لە J0529-4351 بۆچی باشە؟
زووتریش لەبارەی ئەم کونە رەشەوە دەزانرا، بەڵام بەمدواییانە، توێژینەوەیەکی لەبارەوە کرا و لە گۆڤاری زانستی Nature Astronomy بڵاوکرایەوە؛ ئەمە بوو کە دەریخست "رووناکترین و برسیترین" کونی رەشە تائێستا سەرنجمان دابێت.
کریستۆفەر وۆڵف، توێژەری گەردوونە لە زانکۆی نیشتمانیی ئوستراڵیا، لەم بارەیەوە دەڵێت، "کونێکی رەشمان دۆزیوەتەوە کە پێشتر وا نەمان ناسیبوو، ئەم هەموو ساڵە چاوی تێبڕیبوین، ئەوەندە کۆن و دوور و رووناکە کە ئاشکرایە زۆر لەپێش هەبوونی ئێمەشەوە دەسووتێ".
بەوپێیەی ئێمە بوونەوەری تا رادەیەک نوێین لەم بەشەی گەردوون، هەمووی چەند هەزار ساڵێکە بە سەرسووڕمانەوە لە ئاسمان دەڕوانین، چەند سەد ساڵێکە بەشوێن پرسیارە گرنگەکانەوەین و تەنیا چەند دەیەیەکە توانیومانە بگەینە بۆشایی نزیکی دەرەوەی زەوی؛ توێژینەوە لە هەر شتێکی جیهانەکەمان پێویستە.
لەم دەیان ساڵەی رابردوودا، کە لە رێگەی ئامێرەکانمانەوە بە چڕیی سەرنجی دەرەوەی هەسارە شینەکەمان داوە، بۆمان دەرکەوتووە؛ ترلیۆنان هەسارە، ئەستێرە و تەنانەت گەلەئەستێرە لەلایەن کونە رەشەکانەوە قووتدراون، کێ دەزانێ رۆژێ لە رۆژان ئەمەش نابێتە چارەنووسی زەوی؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ